رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ژمارەیەک ئەندامی کەتیبەکانی عیززەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس لە تونێلەکانی غەززە. وێنەکە دەگەڕێتەوە بۆ 2014: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کەتیبەکانی عیززەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند لە دوو رووداوی جیاوازدا دوو لە پاسەوانەکانیان بارمتەیەکی ئیسرائیلیان کوشتووە و دووانیان بریندارکردووە، کە برینەکانیان سەختە.
ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی عیززەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، رۆژی دووشەممە 12-08-2024 رایگەیاند: "لە دوو رووداوی جیاوازدا دوو لەوانەی کە ئەرکی پاسەوانێتیی دیلەکانی دوژمنیان پێسپێردراوە تەقەیان لە یەکێک لە دیلەکانی زایۆنی کرد و دەستبەجێ کوشتیان، جگە لە بریندارکردنی دوو دیلی دیکەی ئافرەت کە برینەکانیان سەختە و لە هەوڵی رزگارکردنی ژیانیانداین."
گوتەبێژەکەی عیززەدین قەسام، بەرپرسیارێتی کوشتارگەکانی لە غەززە دەخاتە ئەستۆی ئیسرائیل و ئەو رووداوە بە "کاردانەوە" ناودەبات و دەڵێت: "ئەو کوشتارگانەی روودەدەن کاریگەریی لەسەر گیانی دیلەکانی زایۆنی دەبێت."
بەپێی ئەبو عوبەیدە، لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و زانینی وردەکاریی رووداوەکان پێکهێندراوە و لە داهاتوودا ئەنجامەکان ئاشکرا دەکرێن.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە لە دوایین راپۆرتیدا کە رۆژی دووشەممە، 12ـی ئابی 2024 بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە: "تاوەکو ئەمڕۆ 39 هەزار و 897 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل شەهیدبوون، 92 هەزار و 152 کەسیش بریندار بوون".
لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 240 کەسیان بە بارمتە و دیل گرت، بەپێی چەند لێکتێگەشتنێک و بەنێوەندگیری ژمارەیەک وڵات بەشێکیان رزگارکران و 115یان تاوەکو ئێستا ماون، ئیسرائیل رایگەیاندووە بەشێک لە بارمتەکان کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ