تەندروستیی غەززە: ژمارەی کوژراو و برینداران گەیشتە 132 هەزار کەس

دوێنێ کاژێر 09:37
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە رایگەیاند لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە تائێستا 132 هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون یان بریندار بوون، داواش دەکات بێسەروشوێنان لە لینکێکی تایبەت تۆمار بکرێن.
 
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە غەززە لە دوایین راپۆرتیدا کە رۆژی دووشەممە، 12ـی ئابی 2024 بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە: "تاوەکو ئەمڕۆ 39 هەزار و 897 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل شەهید بوون، 92 هەزار و 152 کەسیش بریندار بوون".
 
ئەوەی راگەیێندراوە ژمارەی کۆتایی نییە، چونکە بەپێی وەزارەتەکە هێشتا زۆر قوربانی لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکاندان و تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگری شارستانی ناتوانن بگەنە شوێنەکانیان.
 
بەشێکی دیکەش لە قوربانیان هێشتا نەناسراونەتەوە و لەو ژمارەیەی بڵاوکراوەتەوە نییە، وەکو وەزارەتەکە رایگەیاندووە، بەتایبەت قوربانییانی هێرشەکەی سەر قوتابخانەی تابعینی غەززە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە: "لە 48 کاژێری رابردوودا لە سێ هێرشدا لە دژی خێزانەکان لە غەززە، 142 کەس شەهید بوون و 150 کەسیش بریندار بوون".
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دوای هێرشێکی بزووتنەوەی چەکداریی حەماس بۆ سەر ئۆردووگە جوونشینەکانی ئیسرائیل دەستیپێکرد. بەگوێرەی ئیسرائیل، ئەو رۆژە نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران و 250 کەسیش بە بارمتە بران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە