بزووتنەوەی حەماس: گفتوگۆی نوێ قبوڵ ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی رایدەگەیێنێت، پلانی ئاگربەست دەبێت لەسەر بنەمای گفتوگۆکانی پێشتر بێت و هیچ گفتوگۆیەکی نوێ بۆ راگەیاندنی ئاگربەست قبووڵ ناکەن.
رۆژی دووشەممە 12ـی ئابی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا داوای لە نێوەندگیرەکان کرد، پلانێکی ئاگربەست پێشکێش بکەن، کە لەسەر بنەمای ئەو پلانە بێت کە حەماس لە 2ـی تەممووز قبووڵی کردووە و هەمان پلانی ئەو ئاگربەستە بوو، کە بایدن پێشنیازی کردبوو.
رۆژی 2ـی تەممووز بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی خۆی لەبارەی پلانی ئاگربەستەکە راگەیاند کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە 31ـی ئایار پێشنیازی کردبوو.
تاوەکو ئێستا وەڵامەکەی حەماس لەبارەی پلانی ئاگربەستەکە بەتەواوەتی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام میدیای ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد، حەماس لە وەڵامەکەیدا وازی لە داواکارییەکەی بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی هێناوە و ئاگربەستە کاتییە شەش هەفتەییەکەی قبووڵ کردووە.
هەفتەی رابردوو، نێوەندگیرە قەتەری، میسری و ئەمریکییەکان داوایان لە حەماس و ئیسرائیل کرد "دەستبەجێ" گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەست دەستپێبکاتەوە.
نێوەندگیرەکان ئاماژەیان بەوە کرد، هەموو هەوڵێکییان بۆ ئەوە دەبێت کە جیاوازی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەسەر پێشنیازەکەی بایدن بۆ ئاگربەست نەهێڵن.
رۆژی 8ـی ئەم مانگە ئیسرائیل ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دەربڕی، بەڵام حەماس رایگەیاند، ئامادەنین هیچ پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست قبوڵ بکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە، سەرکردەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا رایانگەیاند، "ناکرێت چیدیکە" دانوستاندنی ئاگربەستی غەززە دوابخرێت، هەروەها هۆشداری بە ئێران و هاوپەیمانەکانی دەدەن لە دژی "گرژترکردنی دۆخەکە".
پلانەکەی بایدن بۆ ئاگربەست چی بوو؟
رۆژی 31ـی ئایاری ئەم ساڵ، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس راگەیاند؛ پلانەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت.
قۆناخی یەکەم بریتییە لە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی کە تێیدا بارمتە ژن، منداڵ و نەخۆشەکان ئازادبکرێن، "سەدان" زیندانی فەڵەستینی لەلایەن تەلئەڤیڤەوە ئازادبکرێن، سوپای ئیسرائیل لە شارەکان بکشێتەوە و رۆژانەش 600 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی بگاتە کەرتی غەززە.
لە قۆناخی دووەمدا، جەنگ بە تەواوی کۆتایی بێت، سوپا بە تەواوی لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و هەموو ئەو بارمتانەی ماون ئازاد بکرێن.
قۆناخی سێیەمیش بریتییە لە داڕشتنی پلانێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا و دامەزراندنی حکومەتێک لەو بەشەی فەڵەستین کە حەماس هیچ رۆڵێکی تێدا نەبێت.