واشنتن ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خێراتر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پێنتاگۆن رایگەیاند، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا فەرمانی کردووە گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یوو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خێرا بکرێت. لە کاتێکدا بارگرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە زیادبووندان.
 
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، ئۆستن فەرمانی بە هێزی دەریایی کردووە کەشتیی ئەبراهام لینکن خێراتر بگەیێننە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆئەوەی رووبەڕووی مەترسیی هێرشی چاوەڕوانکراوی حیزبوڵڵا و ئێران ببنەوە بۆ سەر ئیسرائیل.
 
رایدەر ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی یەکشەممە بە کاتی واشنتن، ئۆستن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دا کردووە. ئۆستن فەرمانی کردووە کە ژێردەریایی یو ئێس ئێس جۆرجیاش بنێردرێتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
گوتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت، هەردوو وەزیر باسیان لە "گرنگیی سنووردارکردنی زیانگەیاندن بە خەڵکی سڤیل و هەنگاونان بەرەو ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان" کردووە.
 
ئۆستن و گالانت هەروەها باسیان لە چۆنێتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە کردووە، کە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
 
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دۆخێکی تەنگژەداردا دەڕوات، ئەوەش دوای ئەوەی لە 30ی تەممووز فوئاد شوکر، فەرماندەی سەربازیی دیاری حیزبوڵڵا لە باشووری بەیرووت لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا، هەروەها کەمتر لە رۆژێک دوای ئەوە، ئیسـماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا، کە ئیسرائیل پێی تۆمەتبار دەکرێت.
 
هەفتەی رابردوو واشنتن رایگەیاند، هێزەکانی لە ناوچەکە زیاد دەکات و کەشتی و فڕۆکەی جەنگیی زیاتر جێگیر دەکات.
 
کەشتیی فڕۆکەهەڵگریی ئەبراهام لینکن دەچێتە پاڵ کەشتییەکی دیکەی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی کە ناوی (یوو ئێس ئێس تیۆدۆر روزڤێڵت)ـە.