حیزبوڵڵا بە مووشەک هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل

 
رووداو دیجیتاڵ

حیزبوڵڵا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ژمارەیەک مووشەکی گرتووەتە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل، ئەوەش لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، کە بوونە هۆی کوژرانی سێ چەکداری ئەو گرووپە چەکداریە و برینداربوونی 12 کەسی دیکە.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵڵا رایگەیاند، کوژرانی دوو لەو چەکدارانە، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی رۆژی یەکشەممەدا بووە بۆ سەر ناوچەی تەیبەی سنووری.
 
چەکداری سێیەم "چەند رۆژێک لەمەوبەر" لە شارۆچکەی بێت لەیفی باشووری بریندارببوو و دوێنێ یەکشەممە، گیانی لەدەستداوە. 
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، هەر لە رۆژی یەکشەممە، هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی مەعروب لە باشووری لوبنان بووەتە هۆی برینداربوونی 12 کەس، کە یەکێکیان لوبنانی و 11 دیکەیان سووریایی بوون.  
 
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حیزبوڵڵاو ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی یەکدی لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەستپێکرد.  
 
بەڵام بارگرژییەکان بەم دواییانە زیاتر بوون، ئەوەش دوای ئەوەی کە لە 30ی تەممووز، فوئاد شوکر، فەرماندەی سەربازیی دیاری حیزبوڵڵا لە باشووری بەیرووت لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژرا، هەروەها کەمتر لە رۆژێک دوای ئەوە، ئیسـماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە شاری تارانی پایتەختی ئێران کوژرا کە ئیسرائیل پێی تۆمەتبار دەکرێت.  
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "وەک وەڵامێک بۆ دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی دوژمن، رۆژی دووشەممە 12-08-2024، موجاهیدەکانی مقاوەمەی ئیسلامی، بارەگەی فەرماندەیی یەکەی 146یان لە جەعتون بە چەند گورزە مووشەکێک بۆردوومانکرد."
 
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، "30 مووشەک لە لوبنانەوە بە ئاراستەی ناوچەی کابری" هاوێژراون کە ژمارەیەکی زۆریان لە چۆڵەوانیدا کەوتنە خوارەوە و زیانی گیانیی نەبووە.
 
رۆژی یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل گوتبووی، "چەند پێگەیەکی سەربازیی حیزبوڵڵای" لە شارۆچکەی عەدیسەی نزیک شارۆچکەی تەیبە، بۆردوومانکردووە.
 
دواتر لە راگەیێندنراوێکدا گوتی، "شانەیەکی تیرۆرستیی حیزبوڵڵا" لە شارۆچکەی تەیبە و "پێگەیەکی سەربازی"یان لە شارۆچکەی دەردەغیا بۆردوومانکردووە.
 
حیزبوڵڵا رۆژی شەممە، رایگەیاندبوو کە بە ژمارەیەک درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە باکووری ئیسرائیل، ئەوەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بەرامبەر کوشتنی سەرکردەیەکی حەماس لە شارەی سەیدا لە باشووری لوبنان. 
 
ئەوە یەکەم جار بوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بکەنە سەر نێوەڕاستی شاری سەیدا کە 50 کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە. 
 
هێرشەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ سەر یەکدی تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 656 کەس لە لوبنان، کە لانیکەم 116یان خەڵکی سڤیلن.
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە سنووری ئیسرائیل و بەرزایەکانی جۆلانی سووریا کە لایەن ئیسرائیلەوە دەستیبەسەردا گیراوە، 22 سەربازی ئیسرائیلی و 26 کەسی سڤیل کوژراون.