وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: لەسەر ‌هێرشەکەی حەماس دەبێت لێکۆڵینەوە لە نەتەنیاهوو بکرێت

12-07-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل داوا دەکات دەوڵەت لێکۆڵینەوە لە هۆکار و شکستە ئەمنییەکانی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری چەکدارانی حەماس بۆ سەر وڵاتەکەیان بکات. ئەو لێکۆڵینەوانە بنیامین نەتەنیاهووش بگرێتەوە. هەروەها خۆیشی لێ بەدەرنەکرد. 
 
رۆژی پێنجشەممە، یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دەرچوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی نوێی ئیسرائیلی رایگەیاند، پێویستە سەرجەم بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی ئیسرائیل لەسەر هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری پار لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دا بکرێت، لەنێویشیاندا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
 
لەبارەی ئەو لێکۆڵینەوانە، گالانت رایگەیاند، "دەبێت ئەو پرۆسەیەی دەوڵەت پرۆسەیەکی بابەتییانە بێت، دەشبێت لێکۆڵینەوە لە هەموومان بکات، ئەوانەی بڕیار دەدەن و ئەوانەیشی جێبەجێیان دەکەن، حکومەت، سوپا و ئاژانسە ئەمنییەکانیش. دەبێت ئەوان لێکۆڵینەوە لە من وەکو وەزیری بەرگری بکەن، دەبێت لێکۆڵینەوە لە سەرۆکوەزیرانیش بکەن."
 
لە رابردوودا، نەتەنیاهوو رەتیکردووەتەوە دەوڵەت تیمی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت لە هۆکارەکانی ئەو هێرشانە کە ئیسرائیل هیچ ئامادەی نەبوو، دواتر بووە هۆی دروستبوونی جەنگی نۆ مانگەی غەززە کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
نەتەنیاهوو رایگەیاندووە، هەرکاتێک جەنگ کۆتایی هات، ئەو کات دەتوانرێت لێکۆڵینەوە لەو هێرشانە و هۆکارەکانی بکرێت.
 
بە گوێرەی یاسای ئیسرائیل، تەنیا حکومەت دەتوانێت لیژنەی تایبەتی دەوڵەت بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسێک پێکبهێنێت کە دەسەڵاتی تەواوی هەیە و بڕیارەکانی جێبەجێ دەکرێن. دادگەی باڵای ئیسرائیلیش ئەندامانی ئەو لیژنەیە دیاریی دەکات. 
 
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی حکومەتە راستڕۆکەی ئیسرائیل لە مانگی کانوونی دووەمی پارەوە، پەیوەندیی نێوان نەتەنیاهوو و گاڵانت پەیوەندییەکی ئاڵۆز بووە و یەکەم جاریش نییە لەسەر پرسێکی گەورە ناکۆک بن.
 
ساڵی رابردوو، لە میانی شەپۆلی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئیسرائیل لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نەتەنیاهوو لە دەسەڵاتی دادگەی باڵای ئەو وڵاتە، گاڵانت داوایکرد ئەو گۆڕانکارییانە رابگیرێن و رایگەیاند، رەنگە ئەو پڕۆژەیاسایە زیان بە ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل بگەیێنێت.  
 
لە دوای ئەو لێدوانە، نەتەنیاهوو راستەوخۆ گاڵانتی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و ئەمەش بەنزینی بە خۆپێشاندانەکانی ئیسرائیلدا کرد و پاڵپشتی گاڵانتیان کرد. دواتر نەتەنیاهوو بەرگەی گوشارەکانی نەگرت و گاڵانتی گەڕاندەوە بۆ سەر پۆستەکەی.
 
لە جەنگی غەززەشدا، گاڵانت چەند جارێک رەخنەی لە ستراتیژیەتی سەرۆکوەزیران گرتووە، بەتایبەت لەبارەی درێژەدان بەو جەنگە، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەک لە ئەندامانی باڵای پارتی لیکودی ئسیرائیل کە پارتەکەی نەتەنیاهوویە، داوای دوورخستنەوەی گاڵانت بکەن. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە