وەزیری دەرەوەی ئێران: دانوستاندنێکی ناڕاستەوخۆی بنیاتنەرمان لەگەڵ ئەمریکا کرد

12-04-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی دانوستاندنی ئەمڕۆیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی رایگەیاند، دانوستاندنەکە "بنیاتنەر و باش" بوو. دەشڵێت، رۆژانی دواتر دانوستاندنی دیکەش دەکەن. 
 
رۆژی شەممە، 12ـی نیسانی 2025، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێکس بڵاویکردەوە، "دانوستاندنێکی ناڕاستەوخۆی بنیاتنەر و باشمان لەگەڵ ستیف ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا کرد کە بە سوپاسەوە لەلایەن برام بەدر بن حەمەد (وەزیری دەرەوەی عومانەوە) نێوەندگیری و میوانداری کرا."
 
ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران و نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە مەسقەت کۆبوونەوە. بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کۆبوونەوەکە دوو کاژێر و نیو بەردەوام بوو. دوای کۆبوونەوەکە، عێراقچی و ویتکۆف بەیەکەوە گفتوگۆیەکی کورتیان کرد. 
 
عێراقچی دەڵێت، "دانوستاندنەکان لە کەشێکی رێزگرتنی هاوبەش بەڕێوەچوون. من بەشێوەیەکی پتەو، بەڵام داهاتووبینانە، تێڕوانینەکانی ئێرانم باس کردن. هەردوولا بڕیاریاندا لە چەند رۆژی داهاتوودا درێژە بە پرۆسەکە بدەن."
 
ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی دانوستاندنەکانەوە رایگەیاند، "ئەمە تەنیا سەرەتایە، بەو هۆیەوە سرووشتییە لەم قۆناخەدا هەردوولا لە رێگەی نێوەندگیریی عومانەوە بۆچوونیان بگۆڕنەوە. پێشبینی ناکەین ئەو گفتوگۆیانە زۆر درێژە بکێشن". 
 
دوێنێ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامانجی وڵاتەکەی لەو گفتوگۆیانە راگەیاند و گوتی، "دەمەوێت ئەوان [ئێران] چەکی ئەتۆمی نەبێت. دەمەوێت ئێران ببێتە وڵاتێكی نایاب، مەزن و خۆشبەخت؛ بەڵام نابێت ئەوان چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
 
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران نزیکەی 274.8 کیلۆگرام یۆرانیۆمی بە رێژەی 60٪ پیتاندووە. بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، پێویستە رێژەکە بگاتە 90٪. واشنتن و تەلئەڤیڤیش ئەمە بە مەترسی لەسەر خۆیان دەبینن. 
 
بەرپرسانی ئەمریکا بەردەوام هەڕەشەی بەکارهێنانی رێگەی سەربازی لە دژی ئێران دەکەن ئەگەر بە رێککەوتنی ئەتۆمی رازی نەبێت. ئێرانیش دەیەوێت بەو گفتوگۆیانە بەشێک لە سزا ئابوورییەکانی سەری سووک بکرێن و خۆشی لە هێرشی راستەوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل بپارێزێت. 
 
رۆژی هەینی، کریستیان ڤاگنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەرلین رایگەیاند،  پێویستە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هەبێت. گوتیشی، "بوونی کەناڵێکی دیالۆگ لەنێوان ئێران و ئەمریکا پەرەسەندنێکی ئەرێنییە". 
 
هەمان رۆژ، ئەنوەر حانوونی، گوتەبێژی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سیاسەتی دەرەو رایگەیاند، "هیچ جێگرەوەیەک جگە لە دیپلۆماسی بۆ چارەسەری پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران نییە". دەشڵێت، "چاودێری گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەین".
 
گوتەبێژی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سیاسەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد، "هەر گۆڕانکارییەک کە ببێتە هۆی زیادبوونی چانسی ئەنجامێکی دیپلۆماسی واتا بە ئاڕاستەیەکی راستدایە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە