رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، قۆناخی یەکەمی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا بۆ هەڵگیرانی گەمارۆ و پرسی ئەتۆمی کۆتایی هات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی گفتوگۆکەیان بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، "نە ئێمە نە لایەنەکەی دیکە گفتوگۆیێکی بێبەرهەمی ناوێت. گفتوگۆ دوای گفتوگۆ بکەین و کات بەفیرۆ بدەین، یان بۆ هەمیشە درێژە بکێشن."
عەباس عێراقچی لەبارەی بەردەوامبوون و کاتی گفتوگۆی داهاتوویان ئاماژەی بەوەدا، "شەممەی داهاتوو گفتوگۆی دووەم دەکرێت."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکراشی کرد کە عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف، "چەند خولەکێک بە راستەوخۆیی قسەیان کردووە."
شاندی ئەمریکا تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەسەر کۆبوونەوەکە و شێوازی بەڕێوەچوونی نەداوە.
دوای کۆبوونەوەکە سەعید بەدر، وەزیری دەرەوەی عومان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "کۆبوونەوەکە لە کەشێکی هاوڕێیانە بەڕێوەچوو."
وەزیری دەرەوەی عومان دڵخۆشیی خۆی بە میوانداریکردن و نێوەندگیریکردنی کۆبوونەوەی نێوان واشنتن و تاران دەربڕی "بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئامانجی هاوبەش بۆ رێککەوتنێکی پابەندکەر و دادپەروەرانە."
لە لایەنی ئێرانی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سەرۆکایەتیی شاندی تارانی دەکرد و لایەنی ئەمریکیش، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرۆکایەتیی شاندی واشنتنی دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ