رووداو دیجیتاڵ
گفتوگۆی ئەمریکا و ئێران لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستیپێکرد.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی شاندی ئێران دەکات و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرۆکایەتیی شاندی واشنتن دەکات.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس جەختی لە ناڕاستەوخۆبوونی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کردەوە و رایگەیاند: "دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان عێراقچی، وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە نێوەندگیری بەدر ئەلبوسەعید، وەزیری دەرەوەی عومان دەستیپێکرد."
بەقایی دەڵێت: "ئەم گفتوگۆیانە لە شوێنی پلان بۆ دانراو و بە میوانداری عومان بەڕێوەدەچن و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا لە هۆڵی جیاواز دادەنیشن و لایەنەکان لە رێگەی وەزیری دەرەوەی عومانەوە دیدگا و هەڵوێستی خۆیان بە یەکتر دەگەیێنن."
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، میحوەری گفتوگۆکانی ئەمڕۆ لە نێوان شاندی هەردوو وڵات، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئەو وڵاتەیە.
پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیدارێکدا هاوتا عومانییەکەی لە هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی دانوستاندنەکانی ئەمڕۆ ئاگادارکردەوە بۆئەوەی بیگەیێنێتە لایەنی ئەمریکی.
لایەنی ئێرانی بەردەوام جەخت لەسەر "ناڕاستەوخۆبوونی" گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا دەکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە، 7ی نیسانی 2025 لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران بەشێوەیەکی "راستەوخۆ" دەبن.
وەزیری دەرەوەی ئێرانیش پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان رایگەیاند، وڵاتەکەی هەوڵی رێککەوتنێکی "دادپەروەرانە و شکۆمەندانە" لەگەڵ ئەمریکا دەدات.
عەباس عێراقچی گوتی، "نیازمان وایە لە روانگەی یەکسانەوە بگەینە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و شکۆمەندانە. ئەگەر لایەنی بەرامبەریش بە هەمان هەڵوێست هاتبێتە پێشەوە، پشتیوان بە خودا دەرفەت بۆ لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی کە دەبێتە رێخۆشکەر بۆ رەوتێکی دانوستاندن."
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا زۆر پرسی سەرەکی و بنەڕەتی روون دەکرێنەوە و گوتی،"ئەگەر ئیرادەی پێویست لە هەردوولا هەبێت، بڕیار لەسەر خشتەی کاتیش دەدەین، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین."
وەزیری دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، "ئەوەی ئێستا روونە ئەوەیە کە دانوستاندنەکە ناڕاستەوخۆ دەبێت و لە روانگەی ئێمەوە تەنیا لەسەر پرسی ئەتۆمییە و بە ئیرادەی پێویست بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە لە پێگەیەکی یەکسانەوە بێت و ببێتە هۆی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران، بەڕێوە دەچێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ