بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئوسترالیا داوا لە ئێران دەکەن شەڕ هەڵنەگیرسێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئوسترالیا داوا لە ئێران دەکەن، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تووشی شەڕێکی دیکە نەکات. تاران دەڵێت، ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایش سەرکۆنەی هێرشەکەی کردبا، رەنگە پێویستی نەکردبا کاردانەوەی تووندیان هەبێت.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە وەڵامی پەیوەندیی تەلەفۆنیی وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئوسترالیا رایگەیاندووە، ئیسرائیل بە هێرشکردنەسەر کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە دیمەشق یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردووە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە نەبووە بەیاننامەیەک بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو پێشێلکارییە دەربکات، بۆیە پێویستە دەستدرێژیکەر تەمبێ بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئوسترالیای راگەیاندووە، ئێران نایەوێت شەڕ فراوان بێت، بەڵام تاوەکو ئیسرائیل کۆنترۆڵ نەکرێت و شەڕی غەززە بەردەوام بێت، ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا ئاسایش و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش رایگەیاند، نیگەرانی لەندەنی لەبارەی زیاتربوونی گرژییەکانی بە هاوتا ئێرانییەکەی راگەیاندووە و پێیگوتووە، ئێران نابێت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تووشی شەڕێکی بەربڵاوتر بکات.
نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەو بارەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایش سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کردبا کە کرایەسەر شوێنێکی دیپلۆماسی، لەوانە بوو پێویستی نەکردبا ئێران بۆ تەمبێکردنی ئیسرائیل هەنگاوێک بنێت.