وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە سووریا دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە رووداوی راگەیاند، ئەوان بە تووندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە سووریا دەکەن، دەبێت ئاسایشی دامودەزگە دیپلۆماسییەکان پێشێل نەکرێت.
رۆژی هەینی، 12-04-2024 وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی پرسیاری مەهدی فەرەج، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە پەکین، کە ئەوان وەکو هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئێران و رۆڵیان لە ناوچەکە، دەتوانن چی بکەن بۆ ئەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەکرێتەوە و گرژییەکان زیاتر پەرە نەسێنن، رایگەیاند، "هیوادارین هەموو لایەنەکان بەیەکەوە کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی دۆخەکە."
رووداو بە ئیمەیڵ پرسیاری لە وەزارەتی دەرەوەی چین کردووە و ئەوانیش لە بەشێکی وەڵامەکەیاندا باس لەوە دەکەن، ئەم گرژییانە دوایین دەرکەوتنی پەرەسەندنی ململانێی غەززەیە و "دەبێت لە زووترین کاتدا ململانێ غەززە نەمێنێت."
ئەو وەزارەتە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت لایەنەکان پابەند بە بڕیارنامەی 2728ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێن.
لە درێژەی وەڵامەکەیاندا بۆ رووداو وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، "پێویستە ئاگربەستی دەستبەجێ [لە غەززە] رابگەیێنرێت و شەڕ رابگیرێت بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی و دوورکەوتنەوە لە کارەساتی مرۆیی زیاتر."
لە کۆتایی پەیامەکەیاندا رایانگەیاندووە، کە چین بەردەوام دەبێت لە رۆڵی بنیادنەر لە چارەسەرکردنی پرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبینێت و بەشداری دەکات لە ساردکردنەوەی دۆخەکە.