باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس/ئۆرشەلیم بۆ کارمەندەکانی: مەچنە دەرەوەی شارەکان
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس/ئۆرشەلیم داوا لە کارمەندەکانی و ئەندامانی خێزانەکانیان دەکات، سەردانی دەرەوەی شارەکانی ئیسرائیل نەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی نیسانی 2024، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس/ئۆرشەلیم راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بۆ ئەوەی لە مەترسی بەدوور بن، کارمەندانی حکومەتی ئەمریکا و خێزانەکانیان سنووردار کراون لە گەشتکردنی تایبەت بۆ دەرەوەی شارەکان."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا باسی لە هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ، قودس/ئۆرشەلیم و بەئر سەبع کردووە و داوای لە کارمەندەکانی کردووە گەشتی دەوروبەری ئەو شارانە نەکەن.
رۆژی 1ـی نیسانی هێرش کرایە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و بەوهۆیەوە حەوت ئەفسەری سوپای پاسدارانی ئێران کوژران، هەرچەندە ئیسرائیل بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان کرد.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسرائیل بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتباردەکات و هەڕەشەی ئەوەی کرد وەڵامیان دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە 11ـی نیسانی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی کرد و گوتی، "هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیێنێت، زیانی پێدەگەیێنین. ئێمە ئامادەین هەموو پێداویستییە ئەمنییەکانی دەوڵەت لەڕووی ئەمنی و بەرگری دابین بکەین".
رۆژێک پێش ئەوەش، دانیێل هەگاری، گوتەبێژی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی داوای لە هاووڵاتییانی سیڤیل نەکردووە، کە خۆیان بۆ هێرشێک ئامادە بکەن، بەڵام سوپا هەموو ئامادەکارییەکی کردووە.
یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش رایگەیاند، "هەر هێرشێکی راستەوخۆی ئێران بۆ ناوچەکانی ئیسرائیل وەڵامی ئیسرائیلی دژ بە ئێران بەدوادا دێت."
ئیسرائیل بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سووریا، سەتان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا.
بەرپرسانی ئیسرائیل چەندین جار رایانگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران و گرووپە نزیکەکانی، پێگەی خۆیان لە سووریا بەهێز بکەن، بە تایبەتی لەو ناوچەیەی نزیکە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە.
ئیسرائیل لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە کە حەماس هێرشی کردە سەر وڵاتەکە، هێرشەکانی چڕ کردوونەتەوە و لانیکەم 50 هێرشی کردووەتە سەر سووریا.