رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، ئیسرائیل جگە لە غەززە سیناریۆ بۆ ناوچەی دیکەش ئامادە دەکات، ئاماژە بەوەش دەکات، هەرکەسێک زیان بە ئیسرائیل بگەیێنێت، زیانی پێدەگەیێنن.
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی نیسانی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی کرد و گوتی، "هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیێنێت، زیانی پێدەگەیێنین. ئێمە ئامادەین هەموو پێداویستییە ئەمنییەکانی دەوڵەت دابین بکەین، لەڕووی ئەمنییەوە و لەڕووی بەرگرییەوە."
لە چەند رۆژی رابردوو ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی کردبوو، ئەوەش دوای ئەوەی چەندین بەرپرسی ئێرانی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی هێرشەکەی سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە دیمەشق کرد.
رۆژی 1ـی نیسانی هێرش کرایە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و بەهۆیەوە حەوت ئەفسەری سوپای پاسدارانی ئێران کوژران، هەرچەندە ئیسرائیل بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی ئێران پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان کرد.
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتییانی سیڤیل نەکردووە، کە خۆیان بۆ هێرشێک ئامادە بکەن، بەڵام سوپا هەموو ئامادەکارییەکی کردووە.
دوای هێرشەکە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد و ئەمریکاشیان بەوە تۆمەتبار کرد کە لە هێرشەکە تێوەگلاوە.
رۆژی سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، "لە رێگەی کەناڵێکی تایبەتەوە بە ئێرانمان راگەیاند کە بەرپرس نین لەو هێرشەی لە دیمەشق کرا."
بەرپرسانی ئێران و تەنانەت عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسرائیل بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتباردەکەن و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە وەڵامیان دەبێت.
ئیسرائیل بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سووریا، سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا.
بەرپرسانی ئیسرائیل چەندین جار رایانگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران و گرووپە نزیکەکانی پێگەی خۆیان لە سووریا بەهێز بکەن، بە تایبەتی لەو ناوچەیەی نزیکە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە.
ئیسرائیل لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە کە حەماس هێرشی کردە سەر وڵاتەکە، هێرشەکانی چڕ کردوونەتەوە و لانیکەم 50 هێرشی کردووەتە سەر سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ