رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، ئەگەر تاوەکو رۆژی هەینی ئیسرائیل رێگە بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە نەدات، ئەوا هێرشەکانیان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێدەکەنەوە.
رۆژی سێشەممە 11ی ئاداری 2025، حووسییەکانی یەمەن راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "قەدەخەی تێپەڕینی کەشتییە ئیسرائیلییەکان بە دەریای سوور، دەریای عەرەبی، گەرووی بابمەندوب و کەنداوی عەدەندا دەستپێدەکەنەوە،" ئەگەر تاوەکو چوار رۆژی دیکە ئیسرائیل دەست بە رێگەدان بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە نەکاتەوە.
لە رۆژی 1ی ئادارەوە ئیسرائیل رێگەی بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە نەداوە، ئەمەش دوای ئەوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست کۆتاییهات و رێککەوتنیش لەبارەی قۆناخی دووەمەوە نەکراوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، دەیانەوێت لە رێگەی راگرتنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە، گوشار لە حەماس بکەن کە هەموو ئەو بارمتانەی لەلای ماون، ئازادیان بکات.
لە ماوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەستدا، ئاژانسە مرۆییەکان رۆژانە 600 بارهەڵگری یارمەتیی مرۆییان دەگواستەوە نێو کەرتی غەززە.
تشرینی دووەمی 2023، حووسییەکانی یەمەن دەستیان بە مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل و کەشتییەکانی کرد، ئەمەش وەکو پاڵپشتییەک بۆ کەرتی غەززە لە جەنگی دژی ئیسرائیل. ئەو گرووپە یەمەنییە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ و لەگەڵ دەستپێکی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست هێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل راگرت.
حووسییەکانی یەمەن زیاتر لە 100 هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی بە ناوچەکەیاندا تێدەپەڕن. بەهۆی ئەو هێرشانەوە دوو کەشتی نقوم بوون و چوار کارمەندی ئەو کەشتییانەش کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ