رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
پرابۆوۆ سوبیانتۆ و رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەیاندا، وێنە: AA
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیندۆنێزیاوە باسی دۆخی غەززە و فەلەستینییەکانی کرد و رایگەیاند، تاوەکو ئەوان بە ئارامی نەگەن، وڵاتانی ناوچەکەش ناتوانن سەقامگیر بن.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بۆگۆری پایتەختی ئیندۆنێزیاوە لەگەڵ پرابۆوۆ سوبیانتۆ، سەرۆککۆماری ئیندۆنێزیا، کۆبووەوە. دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش دا قسەیان کرد.
ئەردۆغان رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکانماندا تاوتوێی ئەو کارانەمان کرد کە دەتوانین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانیمان بۆ 10 ملیار دۆلار و هاوسەنگکردنی، بیانکەین".
سەبارەت بە پرسی فەلەستین، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند "ناتوانرێت لەوە زیاتر دامەزراندنی دەوڵەتێکی تایبەت بە فەلەستین، دوابخرێت ئەویش لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی 1967 کە پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات، خاوەن سەروەر و یەکپارچە بێت."
بە گوتەی سەرۆککۆماری تورکیا "تاوەکو غەززە و فەلەستینییەکان بە ئارامی نەگەن، وڵاتانی دیکەی ناوچەکە ناتوانن بە سەقامگیریی بگەن."
ئەردۆغان ستایشی هەڵوێستی ئیندۆنێزیای کرد لە پرسی فەلەستیندا و رایگەیاند، "هەڵوێستەکەیان بەرز دەنرخێنین. لە قۆناخی داهاتووماندا لەگەڵ ئیندۆنێزیا بەیەکەوە کاردەکەین بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی غەززە و داکۆکیکردن لە دۆزی فەلەستین."
سەبارەت بە زیانە مادییەکانی جەنگی غەززە، ئەردۆغان رایگەیاند "تێکڕای ئەو زیانەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کردوویەتی، نزیکبووەتەوە لە 100 ملیار دۆلار. با ئەوە لەبیر نەکەین؛ بنەمای یاسا ئەوەیە ئەوەی زیانەکەی داوە، قەرەبووی بکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ