وەزیری دەرەوەی ئێران: نامەمان لەگەڵ ئەمریکا گۆڕیوەتەوە لەماوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیلدا

رووداو دیجیتاڵ

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی و ئەمریکا لەماوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا چەند جارێک (بەتایبەتی لەم چەند هەفتەیەی دوایی) نامەیان گۆڕیوەتەوە.
 
لەبارەی ناوەڕۆکی نامەکانەوە ئەو وەزیرەی ئێران، رۆژی شەممە 10-2-2024، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەمریکا داوای لە ئێران کرد بە حیزبوڵڵای لوبنان بڵێت زۆر لە جەنگی غەززە نەچێتە پێشەوە و لە دژی ئیسرائیل نەوەستێتەوە."
 
لەوەتەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، چەکدارانی گرووپی حیزبوڵڵا، کە ئەمریکا دەڵێت "لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت"، چەند جارێک هێرشیان کردووەتە سەر باکووری ئیسرائیل کە هاوسنووری باشووری لوبنانە و چەند کەسێکیان لەیەکدی کوشتووە و بریندارکردووە.
 
حیزبوڵڵای لوبنان هاوپەیمانیێتیی خۆی بۆ حەماس راگەیاندووە و هۆشداری داوەتە ئیسرائیل دژیان دەوەستنەوە و، "ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر لوبنان تا کۆتایی دەجەنگن."
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان کە لوبنانەوە قسەی دەکرد هەروەها گوتی، "ئەگەر ئیسرائیل جەنگ لە دژی لوبنان هەڵگیرسێنێت، ئەوا دەبێتە دوایین رۆژی بنیامین نەتەنیاهوو (سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل)."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەکرد ئێران بەدوای چارەسەرە و پێیوایە "چارەسەرێکی سیاسی تاکە رێگەی کۆتاییهێنانی جەنگی غەززەیە."
 
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ، هێشتا جەنگی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بەردەوامە و ئاڵۆزیشی خستووەتە ناوچەکە. وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، ''رژێمی زایۆنی تائێستا هیچ کام لە ئامانجەکانی نەپێکاوە و بەتەواوی لەم شەڕەدا شکستیهێناوە."
 
سەردانەکەی عەبدوڵڵاهیان لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە بوو و ئامانجێکی سەرەکیشی هەوڵدان بوو بۆ بەستنی ئاگربەستێکی نوێ لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا. 
 
عەبدوڵڵاهیان ئەوەشی خستەڕوو، "ئێران و لوبنان پشتڕاستی دەکەنەوە جەنگ چارەسەر نییە و ئێمەش بەدوای فراوانبوونی جەنگەوە نین."
 
لە 7-10-2023 چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل نزیک لە کەرتی غەززە. ئەمریکا پاڵپشتیکارێکی گەورەی ئیسرائیلە لە جەنگەکەدا، هەرچەندە رەخنەشی لێ دەگرێت، بەتایبەتی بەهۆی گیانلەدەستدانی خەڵکێکی زۆری سڤیلەوە. 
 
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتی، ''چەندین جار بە ئەمریکامان گوتووە پاڵپشتی لە تاوانەکانی رژێمی زایۆنی نەکات، کە دەبێتە هۆی زیاتر تێوەگلانی خۆی لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا.''