ئەردۆغان دوای 12 ساڵ سەردانی میسر دەکات

12-02-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای 12 ساڵ سەردانی قاهیرە دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی کۆشکی کۆماری، ئەردۆغان رۆژی دووشەممە، 12-2-2024، بە فەرمی سەردانی وڵاتی ئیمارات و رۆژی سێشەممە، 13-2-2024ش سەردانی میسر دەکات و لەگەڵ بەرپرسان کۆدەبێتەوە. لە بەشێکی ئەو راگەیێندراوەدا هاتووە، "بەڕێز سەرۆککۆمارمان وەکو میوانی فەخری بەشداری لە لووتکەی حکومەتەکانی جیهان دەکات کە لە دوبەی لە ژێر ناوی 'دیزاینی حکومەتەکانی داهاتوو' بەڕێوەدەچێت. دواتر لەگەڵ محەممەد بن زاید ئال نەھیان، سەرۆکی ئیمارات کۆدەبێتەوە و دیداری لەگەڵ بەرپرس و نوێنەرانی وڵاتانی دیکەش دەبێت."
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆشکی کۆماریی تورکیا هەروەها رایگەیاندووە، ئەردۆغان دواتر سەردانی میسر دەکات و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە سازدەکات. پەیوەندیی ئەنقەرە - قاهیرە و گرژییەکانی فەڵەستین دوو تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان دەبن.
 
سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ قاهیرە لە میدیاکانی تورکیا بە خێرایی بڵاوبووەوە و زیاتر جەخت لەسەر گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، بەتایبەتیش لە کاتی کودەتای لادانی محەممەد مورسی، سەرۆکی پێشووی میسر کرایەوە. 
 
تورکیا و میسر لە ساڵی 2013، لەو کاتەی عەبدولفەتاح سیسی کودەتای بەسەر حکومەتدا کرد، پەیوەندییەکانیان لاوازی و گرژیی تێکەوت و ماوە ماوە لێدوانی دژ بەیەکیان دەدا، بەڕادەیەک رۆژی 23-11-2013 تورکیا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ میسر دابەزاند بۆ نزمترین ئاست، بەڵام ماوەی نزیکەی ساڵێکە بەرپرسانی تورکیا هەوڵی جدی دەدەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەنقەرە و قاهیرە لە یەکدی نزیک ببنەوە. لەوبارەیەوە چەند هەنگاوێکی دوو لایەنە نراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە