رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، ئاگربەستی غەززە "زۆر زۆر" نزیکە و دەرفەت هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا رابگەیێنرێت.
رۆژی یەکشەممە، 12-01-2025، جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە بەرنامەیەکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی گوتی: "لایەنەکان لە ئاگربەستی غەززە زۆر زۆر نزیکن، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک تاوەکو جەنگ لەو کەرتە بوەستێت و 98 بارمتەکە رزگاربکرێن، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە خاڵی کۆتایی."
بەگوتەی سوڵیڤان، کاتێک نوێنەرانەی حەماس و ئیسرائیل لە دەوحەی قەتەر خەریکی دانوستاندن بوون، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژانە هەواڵی پێدەدرا.
نوێنەرانی هەردوولا ئاشکرایان کرد، دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ بە نێوەندگیریی ئەمریکا، میسر و قەتەر لە پێنجشەممە 09-01-2025ـەوە بەردەوامن.
سوڵیڤان کە لە 20-01-2025 لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتیی بایدن کۆتایی بە ئەرکەکەی دێت، گوتی: "ئێمە هێشتا سوورین لەسەر ئەوەی هەموو رۆژێک بەکاربهێنین بۆ ئەوەی کار لەسەر تەواوکردنی [رێککەوتنەکە] بکەین."
سوڵیڤان گوتی، هێشتا دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی رێککەوتنێک واژۆ بکرێت "پێش ئەوەی بایدن نووسینگەکەی جێبهێڵێت، بەڵام دەشکرێت حەماس هەر بە کەللـەڕەقی بمێنێتەوە."
لەلایەکی دیکە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای هەڵبژێردراو لە لێدوانێک بۆ کەناڵی فۆکس نیوز گوتی، پێشبینی دەکات لە دوایین رۆژەکانی سەرۆکایەتیی بایدن، ئاگربەست رابگەیێندرێت.
لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەورووبەری غەززە کە لە 07-10-2023، چەکدارە فەلەستینییەکان 251 کەسیان بە بارمتە برد. ئێستا ئیسرائیل دەڵێت، 96یان لە غەززە ماون و 34یان کوژراون.
لەوکاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە، تەنیا یەکجار ئاگربەست راگەیێندراوە کە لە تشرینی دووەمی 2023 بوو. لە رێککەوتنەکە، 105 بارمتە ئازادکران کە خۆیان لە ژن و منداڵ و بەساڵاچووان دەبینیەوە، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا 240 بەندکراوی فەلەستینی ناردەوە ماڵی خۆیان.
06-01-2025 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشبین بوو بەوەی ئاگربەست رادەگەیێنرێت؛ بەڵام لەوانەیە بکەوێتە دوای 20ـی ئەم مانگە، کە یەکەم رۆژی دۆناڵد ترەمپە وەکو سەرۆکی نوێی ئەمریکا.
بلینکن لە کۆریای باشوورەوە گوتی: "ئەگەر [رێککەوتن] لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو نەکرێت، من دڵنیام دواتر هەر دەکرێت. هیوادارین زوو بکرێت و درەنگ نەکەوێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ