رووداو دیجیتاڵ
لە کۆنفڕانسی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب و ئەورووپا لە ریاز، سعودیە داوای کرد سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێن. جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپاش مژدەی بۆ سوورییەکان راگەیاند.
رۆژی یەکشەممە 12-01-2025 فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە دوای کۆنفڕانسەکە گوتی: "جەختمان لە گرنگیی لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر سووریا کردەوە. بەردەوامبوونی سزاکان پێشکەوتنەکانی گەلی سووریا پەکدەخەن."
ئەجێندای کۆنفڕانسەکە بریتیبوو لە کۆبوونەوەیەکی بەرپرسانی عەرەب، هەروەها کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان کە تورکیا، فەرەنسا، یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکانی تێدابوو.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا کە سەرکردایەتیی رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەدی کرد، گوشارێکی زۆر بۆ لابردنی سزاکانی سووریا دەکات. لە کۆنفڕانسەکەی ریازیش ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بەشدار بوو.
دەسەڵاتە رۆژئاواییەکان، لەوانەش ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا، سزای زۆر قورسیان بەسەر سووریای سەردەمی ئەسەددا سەپاند، ئەمەش لەبەرامبەر هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی سووریا کە لە 2011 دەستیپێکرد و تەواوی وڵاتەکەی لە پەلوپۆ خست.
هەرچەندە بەشێک لە سزاکان زۆر پێش ئەو شەڕە سەپێنران. لە ساڵی 1979 ئەمریکا سووریای بە "وڵاتێک کە سپۆنسەری تیرۆر دەکات" وەسفکرد و سزای بەسەردا سەپاند. لە ساڵی 2004ـیش کۆمەڵێک سزای دیکەی بەسەردا سەپاند.
13 ساڵی شەڕی ناوخۆی سووریا بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس، وێرانبوونی ژێرخانی وڵاتەکە و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
رۆژی 06-01-2025 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بەشێک لە سزاکانی سەر کەرتی وزە و چەند خزمەتگوزارییەکی دیکەی وڵاتەکە لادەبات یان سووکیان دەکات. بەرپرسانی واشنتنیش دەڵێن، چاوەڕێ دەکەن بۆ ئەوەی ببینن ئیدارەی نوێی سووریا چۆن مامەڵە دەکات، ئینجا بیر لە لەلابردن و کەمکردنەوەی سزاکانی دیکە دەکەنەوە.
هەنگاوەکانی داهاتوو
رۆژی هەینی 10-01-2025 کایا کالاس، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند، ئەگەر هەیە یەکێتییە 27 وڵاتییەکە دەست بە لابردنی سزاکان بکەن، ئەگەر دەسەڵاتی نوێی سووریا هەنگاوی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بنێن، کە هەموو کەمینەکانی وڵاتەکە بپارێزێت.
بەگوتەی کالاس، رۆژی 27-01-2025 وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا لەسەر ئەو پرسە کۆدەبنەوە و گفتوگۆی دەکەن.
یەکێک لە بەشداربووەکانی کۆنفڕانسەکەی ریاز کالاس بوو، دوای تەواوبوونی دانیشتنەکان بە رۆژنامەڤانانی گوت: "خاڵی لەپێشینەی سزاکان بۆ لابردن یان کەمکردنەوە، بریتین لەو سزایانەی کە رێگە لە بونیادنانەوەی وڵاتەکە دەگرن، هەروەها خزمەتگوزاریی بانکیی رادەگرن."
خانمە دیپلۆماتەکە گوتی: "ئەگەر ببینین بەرەوپێشچوونەکان بە ئاراستەی تەواو دەڕۆن، ئێمەش ئامادەین هەنگاوەکانی داهاتوو بنێین."
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، حکومەتی ئەڵمانیا "رێگەیەکی ژیرانە"ـی دەوێت کە یارمەتی بگەیێنێتە دەست لێقەوماوانی سووریا. ئەو گوتی: "مەرجە سزای سەر ئەو کەسانەی سووریا بە تاوانی جەنگ تۆمەتبارن بمێننەوە، بەڵام ئەڵمانیا پێشنیازی کردووە رێگەیەکی ژیرانە لەبارەی ئەو سزایانە بگیرێتەبەر، هاوکاریی گەلی سووریا بکرێت. سووریاییەکان پێویستە بە زوویی سوود لەو حکومەتە راگوزەرەی ئێستا وەربگرن."
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەموو 10 سووریاییەک 7 کەس پێویستی بە یارمەتییە.
سعودیە پشتیوانی دەکات
لە ساڵی 2012 سعودیە پەیوەندییە دپلۆماسییەکانی لەگەڵ سووریای ئەسەد پچڕاند، لە دوای رووخانیشی لە 08-12-2024 یەکسەر دەرگەی بەڕووی سووریای نوێ کردەوە؛ بەڵام لە ساڵی 2023 سعودیە کۆبوونەوەیەکی کۆمکاری عەرەبی بەڕێوەبرد کە یەکێک لە بەشداربووان بەشار ئەسەد بوو.
ئەم مانگە شانشینەکەی کەنداو خۆراک، کەلوپەلی پەناگە و دەرمانی بەرێگەی وشکانی و ئاسمانی بۆ سووریا نارد. ئێستا ریاز گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکات چۆن یارمەتیی بووژانەوە و چاکبوونەوەی سووریا بدات.
وەزیری دەرەوەی سعودیە گوتی: "ئێمە هەروەها جەختمان لە گرنگیی بەردەوام بوونی هاوکارییە مرۆییەکان و پشتیوانییە ئابوورییەکان، هەروەها هەوڵەکان بۆ بونیادنانی هێزی دەوڵەتی سووریا و بەرقەراربوونی سەقامگیری کردەوە."
لە روونکردنەوە وەزیری دەرەوە گوتی: "لەوانەش، درووستکردنی کەشێک کە پەنابەرە سووریاییەکان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان."
ئانا جەیکەب، لە پەیمانگەی دەوڵەتە عەرەبییەکانی کەنداو لە واشنتن گوتی: "میوانداریکردنی ریاز لەو کۆنفڕانسە ئاماژەیەکە، کە سعودیە دەیەوێت رابەرایەتی لە هەوڵە هەرێمییەکان بکات بۆ یارمەتیدانی بووژانەوەی سووریا. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، سعودیە چەندێک کات و سەرچاوە بۆ ئەم هەوڵە تەرخان دەکات؟ ئەی چی لەبارەی ئەو سزایانەی کە لەسەر سووریا لانابرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ