بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ئەورووپا و عەرەبی لە سعودیە لەبارەی سووریا کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا لە ریازی پایەختی سعودیە کۆدەبنەوە و تاوتوێی دۆخی سووریای نوێ دەکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2025 سعودیە میوانداریی بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی بکات، ئەوەش بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سووریا و هەوڵدان بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئەو وڵاتە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد.
لە ریاز دوو کۆبوونەوە دەکرێن، یەکەمیان تایبەت دەبێت بە کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی عەرەبی. کۆبوونەوەی دووەمیشیان تایبەت دەبێت بە کۆبوونەوەیەکی فراوانتر بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی تورکیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان.
کۆبوونەوەی بەرپرسانی وڵاتان لە ریاز لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی 10ی کانوونی دووەم کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، یەکێتییەکەیان رەنگە بەمنزیکانە هەندێک لە سزاکانی لەسەر سووریا هەڵبگرن، ئەمەش بۆ هاوکاریکردنی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، تاوەکو بتوانن بە زووترین کات حکومەتێکی بنکەفراوان پێکبهێنن.
سعودیەش، کە خاوەنی گەورەترین ئابوورییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد، هاوکاریی مرۆیی و پێداویستیی تەندروستی و سووتەمەنیی بۆ سووریا ناردووە.
ئانا جەیکەبس، پسپۆڕی سیاسی لە پەیمانگەی کەنداوی عەرەبی لە واشنتن رایگەیاند، "ئەو لووتکەیە، پەیامێکی سعودیەیە، کە دەیەوێت پێشڕەویی ئەو هەوڵانە بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا و هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە لەم ساتە ئاڵۆزەدا."
بڕیاریشە جۆن باس، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشداریی کۆبوونەوەکەی ریاز بکات.
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا پێشتر سەردانی تورکیای کردبوو، بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆبوونەوەکانی باس لە ئەنقەرە تایبەت بوون بە پاراستنی سەقامگیریی سووریا و رێگری لەوەی سووریا بکرێتە بنکەیەک بۆ گرووپە تیرۆرستییەکان. هەروەها درێژەدان بە هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی داعش.