حووسییەکان گیانلەدەستدانی پێنج چەکداریان بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە رادەگەیێنن

12-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان رایگەیاند، ئەمریکا و بەریتانیا 73 هێرشیان کردووەتە سەر یەمەن و بەهۆی هێرشەکانەوە پێنج ئەندامی هێزە چەکدارەکان کوژراون و شەش دیکەش بریندار بوون، دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل یان ئەوانەی بەرەو بەندەرەکانی فەلەستین دەچن لە ئاوەکانی بەحرێن و دەریای سوور.
 
رۆژی هەینی، 12-1-2024، عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی هێرشەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر هێزە چەکدارەکانیان رایگەیاند: "ئەمریکا و بەریتانیا لە چوارچێوەی پشتیوانییە بەردەوامەکانییان بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەززە 73 جار هێرشیان کردە سەر یەمەن و تێیدا سەنعای پایتەخت و پارێزگاکانی حودەیدە، تەعز حوجە و سەعدە کراونەتە ئامانج و بەهۆی ئەو هێرشانەوە پێنج کەس لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون."
 
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی کرد و گوتی: "بەهۆی ئەو هێرشانەوە ئەمریکا و بەریتانیا تەواوی بەرپرسیارێتی دەگرنە ئەستۆ و ئەو هێرشانە بەبێ وەڵام و سزا تێناپەڕن."
 
عەمید یەحیا سەریع دووپاتیکردەوە هێزە چەکدارەکانی یەمەن دوودڵ نابن لە کردنە ئامانجی سەرچاوەکانی هەڕەشە و سەرجەم ئەو ئامانجانەی بە "دوژمن" ناوی بردوون، چ لە زەوین یان دەریا. ئەوەشی بە "بەرگری لە یەمەن و سەروەریی و سەربەخۆیی" ناوهێناوە. 
 
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان، لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت ئەو هێرشانە لە پشتیوانیکردنی دۆزی گەلی فەلەستین ساردیان ناکەنەوە، جەختیش دەکاتەوە: "هێزە چەکدارەکانی یەمەن بەردەوام دەبن لە رێگریکردن لە کەشتییەکانی ئیسرائیل یان ئەوانەی بەرەوە بەندەرەکانی فەلەستینی داگیرکراو لە ئاوەکانی بەحرێنی عەرەبی و دەریای سوورەوە تێدەپەڕن."
 
رۆژی هەینی 12ی کانوونی دووەمی 2024، ئەلێکس گرنگویچ، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، رایگەیاند: "بە فەرمانی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە ئاسمانییەکان، هێرشکرایە سەر زیاتر 60 ئامانج لە 16 ناوچەی حووسییەکانی نزیک لە ئێران، لەوانە بنکەی کۆنترۆڵ و چاودێریکردن، کۆگەی تەقەمەنی، سیستمی ئاراستەکردنی مووشەک، کارگەی بەرهەمهێنانی چەک و سیستمی راداری ئاسمانی".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە