ئێران: هێرشەکەی سەر حووسییەکان سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئێران سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمریکا و بەریتانیای بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکانی یەمەن کرد و رایگەیاند: "هەنگاوێکی سەڕەرۆیانە و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانە."
 
ئەمڕۆ هەینی، 12ی کانوونی دووەمی 2024، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا و بەریتانیای بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکانی یەمەن شەرمەزار کرد و رایگەیاند، هێرشەکە "هەنگاوێکی سەڕەرۆیانە، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەمەن و پێشێلکردنی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانە."
 
سوپای ئەمریکا و بەریتانیا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە هاوئاهەنگیی چەند وڵاتێکی هاوپەیمانیان لە دەریا و ئاسمانەوە هێرشیان  کردە سەر پێگەکانی حووسییەکان لە چوار شاری یەمەن، وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەى کە حووسییەکان دەیانکردە سەر کەشتییەکان لە نێو دەریاى سوور.
 
ئەم  هێرشە دوای ئەوە دێت، ئەو گرووپە لەدوای شەڕی غەززەوە بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، "ئەم هێرشە سەربازییانە بەردەوامیدانە بە پشتیوانییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ تاوانەکانی رژێمی زایۆنی دژی گەلی فەلەستین و هاووڵاتییانی زوڵملێکراو و گەمارۆدراوی کەرتی غەززە."
 
بە بۆچوونی ناسر کەنعانی ئەم جۆرە هێرشانە "بێجگە لە زیاترکردنی ناسەقامگیری لە ناوچەکە و جیهان هیچ ئەنجامێکیان نابێت" و دەڵێت، "لە کاتێکدا رژێمی زایۆنی بەردەوامە لە سەر هێرشەکانی و لە غەززە و کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بەردەوامی دەدات بە تاوانەکانی، ئەمریکا و بەریتانیا بە فراوانکردنی پشتگیرییەکانیان لە رژێمی زایۆنی، هەوڵدەدەن سەرنجی خەڵکی جیهان لە تاوانەکانی ئەم رژێمە ساختە و تاوانبار و دەستدرێژکارە لە دژی گەلی فەلەستین لابدەن."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها لەبارەی ئەگەری دووبارەبوونەی هێرشەکان بۆ سەر حووسییەکان هۆشداری دا و رایگەیاند: "ئەو هەنگاوە کاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی ناوچەکە و هەموو جیهان". داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کاردانەوەی گونجاو و بەرپرسیارانە پێشان بدەن و رێگری لە بڵاوبوونەوەی شەر و ناسەقامگیری لە ناوچەکە بگرن.
 
لەدوای هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمرۆ بۆ سەر پێگەی حووسییەکانی یەمەن، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، رایگەیاند، لەسەر فەرمانی ئەو، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا و هۆڵەندا هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی حووسیەکانی یەمەن.
  
جۆ بایدن گوتی: "دوودڵ نابم لەوەی فەرمان بە کردەوەی سەربازی زیاتر دژی حووسییەکان بدەم، ئەگەر پێویست بکات". بایدن گوتیشی: "ئەمە پەیامێکە کە چاوپۆشی لە هێرشکردنە سەر کارمەند و هێزەکانمان ناکەین."
 
عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەى حووسییەکان لە یەمەن بەر لە هێرشەکە رایگەیاندبوو: "هیچ هێرشێکى ئەمریکا بێ وەڵام نابێت." هەروەها گوتیشی: "دوودڵ نابین لە هەر کارێک کە پێمان بکرێت."
 
حووسییەکان، کە بە هێزێکی نزیک لە ئێران دادەندرێن و لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" دەزانن.
 
لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووشەوە کە شەری نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردەوە، حووسییەکان چەندین هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ فەلەستین." 
 
بەپێی ژووری کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، 12%ی بازرگانیی جیهان لە رێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت و ساڵانەش لانیکەم 17 هەزار کەشتیی بازرگانی بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.