هێزی ئاسمانیی ئەمریکا: هێرشمانکردە سەر 60 پێگەی حووسییەکان
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا وردەکاریی ئەو هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەی ئەمریکا و بەریتانیای راگەیاند، کە ئەم بەرەبەیانە کردییانە سەر بنکە و پێگەکانی حووسییەکان لە چەند شارێکی یەمەن.
رۆژی هەینی، 12ی کانوونی دووەمی 2024، ئەلێکس گرنگویچ، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بە فەرمانی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە ئاسمانییەکان، هێرشکرایە سەر زیاتر 60 ئامانج لە 16 ناوچەی حووسییەکانی نزیک لە ئێران، لەوانە بنکەی کۆنترۆڵ و چاودێریکردن، کۆگەی تەقەمەنی، سیستمی ئاراستەکردنی مووشەک، کارگەی بەرهەمهێنانی چەک و سیستمی راداری ئاسمانی".
هەروەها فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ئاشکرای کردووە زیاتر لە 100 مووشەک و تەقەمەنیی دیکەی ئاراستەکراو لەو هێرشانەدا بەکارهێنراون، کە لەنێویان مووشەکی تۆماهۆک.
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکان بەرەبەیانی رۆژی هەینی بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی ئاسمانی بەریتانیا و بە هاوکاری هەریەک لە وڵاتانی، هۆڵەندا، بەحرێن، ئوسترالیا و کەنەدا، کراون. ئەوەش لەدوای هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور دێت.
سوپای ئەمریکا رایگەیاند ئەو هێرشانە کراونەتە سەر چوار شاری یەمەن کە پێکهاتبوون لە فرۆکەخانە و بنکەی سەربازیی حووسییەکان.
لە درێژەی بەیاننامەکەی فەرماندەی هێزەکانی ئاسمانی ئەمریکادا هاتووە: "ئەو هێرشانە دووپاتکردنەوەی پابەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ ئازادی هاتووچۆی نێو دەریا، لەدژی هێرشە مووشەکیی و درۆنییە بەردەوامەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشییە بازرگانییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان لە دەریای سوور."
بەگوێرەی سوپای ئەمریکا لە 19ی تشرینی دووەمی ساڵی پارەوە، حووسییەکان زیاتر لە 26 هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانەکانی ئەو دەریایە، کە 12٪ی بازرگانی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت و بەیەکێک لەرێڕەوە گرنگەکانی ئابووریی جیهان ناسراوە.
فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە: "ئێمە لە پابەندییەکانمان بۆ هاوبەشە گرنگەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبین بۆ بەرگریکردن لە دژی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و ئەو هەڕەشانەی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دروستی دەکەن".