ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی: سەقامگیری بۆ دەریای سوور دەگەڕێنینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دوای هێرشەکەیان بۆ سەر چەند پێگەیەکی حووسییەکانی یەمەن، رایانگەیاند سەقامگیری بۆ رێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سوور دەگەڕێننەوە 
 
رۆژی هەینی 12ـی کانوونی دووەمی 2024، هەریەک لە ئەمریکا، ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا، دانیمارک، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کۆریای باشوور و بەریتانیا، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان دەربارەی هێرش بۆ سەر چەند پێگەیەکی حووسییەکانی یەمەن بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "ئامانجمان کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕاندنەوەی سەقامگیرییە بۆ دەریای سوور".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "با پەیامەکەمان روون بێت: دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لە ژیان و پاراستنی ئازادی بازرگانی لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان لە بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکان".
 
رۆژی هەینی، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد لەسەر فەرمانی ئەو، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا و هۆڵەندا هێرشێکی سەرکەوتوویان کردە سەر چەند پێگەیەکی حووسییەکانی یەمەن. 
 
جۆ بایدن گوتیشی: "دوودڵ نابم لەوەی فەرمان بە کردەوەی سەربازی زیاتر دژی حووسییەکان بدەم، ئەگەر پێویست بکات".
 
دوای هێرشەکەش، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێرشەکە بە فڕۆکە و کەشتی جەنگییەوە کراون و لە هێرشەکەدا چەند شارێکی یەمەن کراوەتە ئامانج، کە حووسییەکان تێیدا باڵادەستن.
 
عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی حووسییەکان لە یەمەن لە راگەیێندراوێکدا باسی لە هێرشەکە کرد و گوتی: "هیچ هێرشیکی ئەمریکا بەبێ کاردانەوە نابێت". هەروەها گوتیشی، "دوودڵ نابین لە هەر کارێک کە پێمان بکرێت".
 
حووسییەکان کە بە هێزێکی نزیک لە ئێران دادەندرێن لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووشەوە هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سووری دەستپێکردووە و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ فەلەستین."
 
رۆژی 15-12-2023، دوو گەورە کۆمپانیای بازرگانیی کەشتی لە جیهان بە ناوەکانی مایەرسک (Maersk) و هاپاگ لۆید (Hapag-Lloyd) بڵاویانکردەوە، "بەهۆی هێرشی حووسییەکانی یەمەنەوە گەشتی کەشتییەکانیان لە دەریای سوورەوە وەستاندووە."
 
بەهۆی هەڕەشەکانی حووسییەکانەوە، تاوەکو 5ـی ئەم مانگە، لەکۆی 10 گەورە کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی، 8ـیان گەشتەکانیان لە دەریای سوور راگرتووە.
 
حووسییەکان، کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" دەزانن.
 
بەپێی ژووری کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، 12%ی بازرگانیی جیهان لە رێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت و ساڵانەش لانیکەم 17 هەزار کەشتیی بازرگانی بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.