بەریتانیا: ئاگاداری ئەوەین هێرشی سەر حووسییەکان نەبێتە هۆی تێکچوونی دۆخی ناوچەکە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، هێرشەکەی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن بۆ بەرگریی لەخۆیان بووە و ئامانجیان ئەوە بووە رێگە لە هێرشی زیاتر بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانیان لە ناوچەکە بگرن.
رۆژی هەینی، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، جەیمس هیپێی، وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکیدا بە میدیای وڵاتەی راگەیاند، لەگەڵ پارێزگاری لە خۆیان، "بەدڵنیاییەوە ئێمە چاوێکمان لەسەر ئەوەیە ئەو هێرشانە نەبنە هۆی روودانی تێکچوونی دۆخی ناوچەکە."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە دەربارەی هێرشی زیاتر بۆ سەر حووسییەکان، وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا گوتی: "هیچ شتێکی لەو جۆرە پلانی بۆ دانەندراوە و ئەوەش خاڵێکی گرنگە. هێرشەکانی دوێنی شەو پێویست و گونجاو بوون."
فڕۆکە جەنگییەکانی بەریتانیا، بەگوتەی جەیمس، لە بنکەی هێزی ئاسمانی شاهانەوە لە قوبڕسەوە دوو پێگەی حووسییەکانیان لە یەمەن کردووەتە ئامانج، کە لەوێوە حووسییەکان درۆن و مووشەکیان ئاراستە دەریای سوور دەکرد.
دوای هێرشەکەش، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە رێگەی فڕۆکە و کەشتیی جەنگییەوە کراون و لە هێرشەکاندا چەند شارێکی یەمەن کراونەتە ئامانج، کە حووسییەکان تێیدا باڵادەستن.
رۆژی هەینی، 12-1-2024، عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "ئەمریکا و بەریتانیا لە چوارچێوەی پشتیوانییە بەردەوامەکانییان بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەززە 73 جار هێرشیان کردە سەر یەمەن و تێیدا سەنعای پایتەخت و پارێزگاکانی حودەیدە، تەعز حوجە و سەعدە کراونەتە ئامانج و بەهۆی ئەو هێرشانەوە پێنج کەس لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون."