چەند کاژێرێک لەدوای هێرشەکان، هەریەک لە ئەمریکا، ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا، دانیمارک، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کۆریای باشوور و بەریتانیا، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی هێرشکردنە سەر چەند پێگەیەکی حووسییەکانی یەمەن بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "ئامانجمان کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕاندنەوەی سەقامگیرییە بۆ دەریای سوور".
مووشەکەکان بەپێی ئەمریکا بە وردی ئامانجەکانیان پێکاوە و لە رێگەی کەشتی و ژێردەریاییەوە ئاراستەکراون.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەوە دەڵێت: "مەبەست لێی لاوازکردنی توانای حووسییەکانە لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور." دەشڵێت: "چونکە ئەو هێرشانەی لە دەریای سوور هەن، ژیانی کەشتیوانەکان دەخەنە مەترسی و بازرگانیی نێودەوڵەتییان لە یەکێک لە دیارترین رێڕەوە دەریاییەکان دەکاتە ئامانج".
فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا کە لەم هێرشەدا بەکارهاتوون لە بنکەیەیەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە فڕیون، فڕۆکەی سووپەر هۆرنیتتیش لەسەر کەشتیگەلی یو ئێس ئەی ئایزنهاوەرەوە هێرشیان کردووە.
مووشەکەکانی تۆماهۆکیش لە کەشتیەکانی دەریای سووری و بەلانیکەم لە یەک ژێر دەریاییەوە ئاڕاستەکراون کە پێشبینی دەکرێت ژێر دەریایی "ئۆهایۆ یو ئێس ئێس فلۆریدا" بووبێت، کە لە نۆڤێمبەرەوە چووتە نێو دەریای سوور و توانای هەڵگرتنی 154 مووشەکی تۆماهۆکی هەیە.
هەروەها چوار فڕۆکەی جۆری تایفوونی سەر بە هێزی ئاسمانیی بەریتانیا لە هێرشەکاندا بەشداربوون و دوو ئامانجی حوسییەکانیان بۆردوومان کردووە، ئەو دوو فڕۆکانە لە بنکەی ئاکرۆتیری لە قوبرسەوە فڕیون.
هێرشەکان چوار پارێزگای یەمەنیان کردووەتە ئامانج، لەوانە هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی دێلمی لە باکووری سەنعا، دەوروبەری فڕۆکەخانەی حودەیدە، ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی زوبێد، سەربازگەی کەهلان لە رۆژهەڵاتی شاری سەعدە، فڕۆکەخانەی تەعز، سەربازگەی لیوای 22ـی بەڕێوەبەرایەتی تەعزی، فڕۆکەخانەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی عەبس.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2023ـەوە هێڕشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور زیادیکردووە لەو رێڕەوییە ئاوییەی، کە نزیکەی 12٪ـی بازرگانیی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە رایگەیاند 18 درۆن و دوو مووشەک و مووشەکێکی بالیستییان خستووەتەخوارەوە، کە حووسییەکان لە یەمەن رێڕەوی بارکردنی نێودەوڵەتییان لە باشووری دەریای سووریان کردووەتە ئامانج.
هەڵوێستی سعودیە و ئێران چی بوو؟
لەدوای هێرشەکانی سەر یەمەن، وەزارەتى دەرەوەى سعودیە راگەیێندراوێکى لە بارەى دۆخى ئەمنیى و سەربازیى ناوچەى دەریاى سوور بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە داوە کە بە "نیگەرانییەکى زۆرەوە" دەڕواننە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ناوچەى دەریاى سوور و ئەو بۆردوومانە ئاسمانییانەى کە چەند پێگەیەکیان لە یەمەن کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ئاماژەى بەوەداوە کە وڵاتەکە جەخت لەسەر "گرنگیی پارێزگاریکردن دەکات لە ئاسایش و سەقامگیریى ناوچەى دەریاى سوور، کە ئازادیی کەشتوانى تیایدا داواکارییەکى نێودەوڵەتییە، بەوپێیەى کاریگەریى لەسەر بەرژەوەندیی هەموو جیهان دەبێت."
وەزارەتى دەرەوەى سعودیە داوایکردووە کە دانبەخۆدا گرتن و خۆ بەدوورگرتن هەبێت لە ئاڵۆزکردنى زیاتری دۆخەکە لە سایەى ئەو رووداوانەى ناوچەکەى گرتووەتەوە.
لای خۆیەوە، ئێران سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمریکا و بەریتانیای بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکانی یەمەن کرد و رایگەیاند: "هەنگاوێکی سەڕەرۆیانە و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانە."
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا و بەریتانیای بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکانی یەمەن شەرمەزار کرد و رایگەیاند، هێرشەکە "هەنگاوێکی سەڕەرۆیانە، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەمەن و پێشێلکردنی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانە."
ئەمریکا و بەریتانیا "73 جار هێرشیان کردووەتە سەر یەمەن"
رۆژی هەینی، 12-1-2024، عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی هێرشەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر هێزە چەکدارەکانیان رایگەیاند: "ئەمریکا و بەریتانیا لە چوارچێوەی پشتیوانییە بەردەوامەکانییان بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەززە 73 جار هێرشیان کردە سەر یەمەن و تێیدا سەنعای پایتەخت و پارێزگاکانی حودەیدە، تەعز حوجە و سەعدە کراونەتە ئامانج و بەهۆی ئەو هێرشانەوە پێنج کەس لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون."
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی کرد و گوتی: "بەهۆی ئەو هێرشانەوە ئەمریکا و بەریتانیا تەواوی بەرپرسیارێتی دەگرنە ئەستۆ و ئەو هێرشانە بەبێ وەڵام و سزا تێناپەڕن."
عەمید یەحیا سەریع دووپاتیکردەوە هێزە چەکدارەکانی یەمەن دوودڵ نابن لە کردنە ئامانجی سەرچاوەکانی هەڕەشە و سەرجەم ئەو ئامانجانەی بە "دوژمن" ناوی بردوون، چ لە زەوین یان دەریا. ئەوەشی بە "بەرگری لە یەمەن و سەروەریی و سەربەخۆیی" ناوهێناوە.
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان، لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت ئەو هێرشانە لە پشتیوانیکردنی دۆزی گەلی فەلەستین ساردیان ناکەنەوە، جەختیش دەکاتەوە: "هێزە چەکدارەکانی یەمەن بەردەوام دەبن لە رێگریکردن لە کەشتییەکانی ئیسرائیل یان ئەوانەی بەرەوە بەندەرەکانی فەلەستینی داگیرکراو لە ئاوەکانی بەحرێنی عەرەبی و دەریای سوورەوە تێدەپەڕن."