سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: سکاڵاکەی ئەفریقای باشوور لە دژمان دووڕووییە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرکۆنەی سکاڵاکەی ئەفریقای باشوور دژی وڵاتەکەی لە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی دەکات و دۆسیەکەی بە "دووڕوویی و درۆ" ناوبرد.  
 
رۆژی هەینی 12ـی کانوونی دووەمی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دووڕوویی ئەفریقای باشوور گەیشتووەتە ئەوپەڕی" و گوتیشی: "ئێمە شەڕی تیرۆریستەکان دەکەین، ئێمە شەڕی ناڕاستییەکان دەکەین".
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا ئەفریقای باشووری بەوە تۆمەتبار کرد، "وەکو پارێزەری رێکخراوی حەماس کاردەکات" لە دۆسییەکەدا کە بە بڕوای ئیسرائیل لەسەر "بانگەشەی درۆ و بێ بنەما" بنیات نراوە.
 
رۆژی 29-12-2023، ئەفریقای باشوور لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی لە شاری لاهای هۆڵەندا، بە تۆمەتی جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە، سکاڵای لەسەر ئیسرائیل تۆمارکرد. 
 
ئەفریقای باشوور لە سکاڵاکەیدا ئیسرائیلی بە جینۆسایدکردنی خەڵکی فەلەستین تۆمەتبار کردووە و ئاماژەی بەوە داوە، "کردەوەکانی ئیسرائیل ئامانجدار بووە و مەبەست لێی لەنێوبردنی گرووپێکی نەتەوەیی و رەگەزی فەلەستینییەکان بووە."
 
دوێنی یەکەم دانیشتنی دادگە لەوبارەیەوە دەستیپێکرد و بڕیارە ئەمڕۆش بەردەوام بێت، بەڵام بڕیاردان لەبارەی کەیسەکە پێویستی بە چەندین دانیشتنی دیکەیە. 
 
ئیسرائیل تۆمەتەکانی ئەفریقای باشوور رەتدەکاتەوە و بە "بێ بنەما" ناویان دەبات و بەرپرسانی حەماسیش پێشوازی لەو هەنگاوەی ئەفریقای باشوور دەکەن. 
 
ئوسامە حەمدان، بەرپرسی باڵای حەماس لەبارەی سکاڵاکەوە رایگەیاند: "ئێمە پێشوازی و دەستخۆشی لە هەڵوێستی هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین، کە پاڵپشتییان لەو بڕیارە مێژوویی و بوێرانەی ئەفریقای باشوور کرد لە سکاڵاکردن دژی داگیرکاری نازییەکان."
 
جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل پێی ناوەتە مانگی چوارەمەوە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد، رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. 
 
ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنینی"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە کەرتەکەدا لانیکەم 23 هەزار و 600 کەس کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس کوژراون. 
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەوەتەی هێرشی زەوینییان بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، 186 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.