دلێر تێلی لە ئیستەنبووڵ خەڵات دەکرێت

12-01-2023
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
دلێر تێلی، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو
دلێر تێلی، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دلێر تێلی، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو لە تورکیا خەڵاتی رێزلێنانی پێشکێشکرا. کۆمەڵەی "منداڵانی پەپوولە" ساڵانە ئەو خەڵاتە دەداتە رۆژنامەڤان، بازرگان، هونەرمەند، گۆرانیبێژ و کەسانی سەرکەوتوو لە کارەکانیان.
 
رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە کاژێر 09:00ـی ئەمشەو، 12-01-2023، لە شاری ئیستەنبووڵ بە بەشداریی ژمارەیەک هونەرمەند، رۆژنامەڤان و کەسایەتیی سیاسی بەڕێوەچوو.
 
رێکخراوەکە لە ساڵی 2015ـەوە لە ئەنقەرە بنکەی کردووەتەوە و دەڵێت، دلێر تێلی، پێشكێشکاری بەرنامەی مەید ئین کوردستان لە رووداو وەکو "سەرکەوتووترین رۆژنامەڤان" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خەڵاتەکەی پێ بەخشراوە.
 
"کۆتایی مانگی 11ـی 2022 ئاگادارکرامەوە"
 
دلێر تێلی لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتەکە گوتی، "ئەوە شتێکی زۆر گرنگ و گەورەیە بۆ من و بۆ رووداو" کە لەنێو دەیان رۆژنامەڤان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تورکیا وەکو یەکێک لە "سەرکەوتووترین رۆژنامەڤان دەستنیشان بکرێم". دەشڵێت، خەڵاتەکە پشت بە چەندین داتا دەبەستێت و رێکخراوەکە پێش چەندین مانگ ئامادەکاریی بۆ دەکات.
 
دلێر تێلی دەڵێت، کۆتایی مانگی 11ـی 2022 ئاگادارکراوەتەوە. لەوبارەوە تێلی دەڵێت، کەسانی زۆر هەن کە چاوەڕێ دەکەن ئەو خەڵاتە وەربگرن بە تایبەت لە تورکیا، "بەڵام ئەوە بۆمن جێگەی شانازییە کە لەنێو ئەو هەموو رۆژنامەڤانەدا منیان هەڵبژاردووە." 
 
ئەو رێکخراوەی خەڵاتەکە دابەش دەکات "کۆمەڵەی منداڵانی پەپوولە بۆ پەروەردە و هاوکاری"یە کە لەو رێگەیەوە دەیەوێت کۆمەک و هاوکاری کۆبکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو منداڵانەی تووشی نەخۆشیی "Epidermolizis Bullosa" بوونە کە نەخۆشییەکی پێستی ئازاربەخش و درێژخایەنە و لە زمانی تورکیدا بە "منداڵانی پەپوولە" دەناسرێت. هەروەها چەند نەخۆشییەکی دیکەی منداڵان کە تێچووی چارەسەرکردنیان گرانە.
 
"خەڵاتێکی گرنگ و بە بایەخە"
 
بەرپرسی رێکخراوەکە لەبارەی خەڵاتەکەوە دەڵێت، ئەو خەڵاتێکی گرنگ و بە بایەخە و ساڵانە دەدرێت بەو کەسانەی لە بوارەکانی خۆیاندا سەرکەوتوون و کاری باشیان کردووە. دەشڵێت، ئەوە دووەمین خەڵاتە و ساڵی رابردووش خەڵاتەکە بە تووشبوویەکی شێرپەنجە درا.
 
 
دلێر تێلی باسی لەوەش کرد، رێکخراوەکە پێشتر گەڕانی زۆریان بۆ کارەکانی کردووە و چەندین بەرنامەی ئەویان بینیوە، بۆیە رێکخراوەکە پشتی بە داتا و ئەدای کارەکان بەستووە و گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە ئەو خەڵاتە بەو بدرێت.
 
دلێر تێلی لە ساڵی 1986 لە دهۆک لەدایکبووە و لە دەستپێكی پەخشی رووداو لە 29ـی ئایاری 2013ـەوە وەكو پێشکێشکار كار دەكات. تێلی چەندین بەرنامەی هەبووە لە رووداو: بەرنامەی رووداو ئارتێک، بەرنامەی گێڕبۆکس، مەید ئین کوردستان و وەکو بێژەر و پێشكێشکاریش کاری کردووە.
 
رێکخراوەکە لە رێگەی سازکردنی چالاکی، رێوڕەسم، کۆنفرانس و کاری میدیاییەوە سەرنجی خێرخوازان رادەکێشێت بۆ کۆمەک بەخشین. ساڵانە خەڵات بە کەسایەتییە کاریگەرییەکان لە بواری میدیا و چالاکییە مرۆییەکان و بوارە جیاوازەکان دەبەخشێت و رێوڕەسمەکە دەقۆزێتەوە بۆ ناساندنی زیاتری کۆمەڵەکە و کۆکردنەوەی کۆمەکی زیاتر.
 
لە رۆژی 2-7-2019 لە بەرنامەی نووڕۆژدا، دلێر ئازارێکی زۆری لە گورچیلەیدا هەبوو، لەسەر شاشە دەرینەخستووە، رۆژی دواتر پاش تەواوبوونی نووڕۆژ چووەتە ژوری مەیکئەپ و گوتوویەتی "زۆر ناڕەحەتم" دواتر گەیێندرایە نەخۆشخانە. 4ـی مانگ لە دهۆک نەشتەرگەری بۆ کرا و دواتر دەرکەوت شیرپەنجەیەکی دەگمەنیەتی کە تەنیا 24 کەس تووشی بوون و دلێر تووشبووی 25ـەم بووە. 
 
تێلی بە خۆڕاگرییەوە لە بەرامبەر نەخۆشییەکەی وەستایەوە و دوای نزیکەی ساڵێک ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکەی، گەڕایەوە سەر شاشە و بەردەوامیی بە کارەکەی دا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە