رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، مایک پۆمپەیۆ لە گوتارەکەی ئەمڕۆیدا زانیاریی نوێی هەواڵگری لەبارەی ئێران ئاشکرادەکات، تاران بە داڵدەدانی سەرکردە باڵاکانی گرووپی چەکداریی قاعیدە تۆمەتبار دەکات.
ئەمڕۆ مایک پۆمپەیۆ لە یانەی رۆژنامەڤانیی نیشتمانی لە واشنتن گوتار پێشکەشدەکات، ئەو دوو بەرپرسەی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکەن بە رۆیتەرزیان گوتووە، پۆمپەیۆ لە گوتارەکەیدا زانیاریی نوێ لەسەر کوشتنی ئەبو محەممەد میسری، سەرکردەی قاعیدە ئاشکرا دەکات.
نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە مانگی تشرینی دووەمدا بڵاویکردەوە، ئەو سەرکردەیەی قاعیدە لە مانگی ئابی 2020دا لەلایەن کەسانی سەربە ئیسرائیلەوە لە ناوەڕاستی تاران کوژراوە، بەڵام ئێران کوژرانی سەرکردەکەی قاعیدەی بەو ناوە لە وڵاتەکەی رەتکردەوە.
ئەبو محەممەد میسری بە ئەندازیاری هێرشی سەر هەردوو باڵیۆزخانەکەی ئەمریکا لە ئەفریقا لەساڵی 1998 دەناسرێت کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 200 کەس.
بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا سزای نوێی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە رێگەوەن. ئەوەش بەرلەوەی دۆناڵد ترەمپ کۆشکی سپی جێبهێڵێت.
پۆمپەیۆ لە 2017 کاتێ بەرپرسی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا بوو، ئێرانی بە هاوکاریکردنی قاعیدە تۆمەتبارکرد، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا بە درێژایی چوار ساڵی رابردوو ئێرانی کردووەتە ئامانجی سزای دارایی، فەرماندەی سەربازی باڵای لێکوشتوون، تەنانەت ئەو کۆمپانیا و کیان و وڵاتانەش سزادراون کە رێڕەوی بازرگانیان بە واڵایی لەگەڵ ئێران هێشتووەتەوە.
هاوکات بەرپرسێکی هەواڵگریی پێشووی ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئێران نە پێش هێرشی 11ی سێپتەمبەر نە دوای ئەو هێرشانەش هەرگیز لەگەڵ قاعیدە دۆست و هاوڕێ نەبووە.
پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە 2018ـەوە لەدوای کشانەوەی واشنتن لە رێککەوتنی ئەتۆمی گرژی و ئاڵۆزییان تێکەوتووە، ئەمریکا داوای رێککەوتنێکی نوێ لە شوێنی رێککەوتنی ئەتۆمی دەکات کە وابکات توانای ئەتۆمی تاران سنوورداربن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ