منداڵەکانی نێو دۆزەخی "جیهاد"

رووداو -cnn

سارا، منداڵێکی لاوازی چاو ڕەشی پێنج ساڵانە، سەردەمێک لەژێر دەستی داعشدا ژیاوە لەگەڵ خانەوادەکەی، ئەو ترسەی داعش لەدڵی سارادا چاندویێتی وایکردووە ئێستاش کە لەژێر دەستی داعش نەماوە پەچەو لەچکەکەی فڕێ نەدات، لوولەی تفەنگی داعش ترسێکی خستە نێو دڵی سارا و هاوتەمەنەکانی، کە بۆ خەوتنیش بە ترسەوە لەچکەکانیان لاببەن.

خوێندنگای فارووق، ناوی ئەو خوێندنگایەیە کە داعش لە رەققە منداڵانی تێدا پەروەردە دەکات، خوێندنگایەک کە لە سیمای: جەنگ، جبەخانە و تەقەمەنی زیاتر هیچی دیکەی تێدا بەدیناکرێت، لەژێر سێبەری ئاڵایەکی رەشدا کۆمەڵێک منداڵ رۆژانە فێردەکرێن بڵێن: بەڵی بۆ جیهاد بەڵێ بۆ جیهاد.
 
خوێندنگای فاروق گەورەترین شوێنی پێگەیاندنی منداڵانی جیهادییە بۆ چەکدارانی داعش، هەندێک منداڵ کە باڵایان کەمێک لە تفەنگەکانیان بڵندترە لەو خوێندنگا سەربازییە فێری شەڕ دەکرێن. ئەوان، ئێستاش وەک یارییەک سەیری تفەنگەکانی دەستیان دەکەن. ئەو مردنەی کە بەرەوپیری رەوانە دەکرێن، وەک شوێنێکی باشی یاریکردن دەخرێتە پێش چاوییان.


 
ئەم منداڵانە داعش ناوی لێناون داهاتووی خەلافەت، کەچی بەشێکیان لەکاتی مەشقەکاندا لە ترسدا هەڵدەلەرزن، مامۆستایەک بەرلەوەی فێری شەڕیان بکات مێشکیان پڕدەکات لە رق و تووڕەیی بەرامبەر ئەوانەی داعش پێیان دەڵێت "کافر".

داعش جگە لەوەی وەک خۆیان دەڵێن پشتیان بەم منداڵانە بەستووە بۆ داهاتووی خەلافەتەکەیان، بەڵام هەرکاتێک زۆریان بۆ بهێنرێت، لەبەرەکانی شەڕ ئەم منداڵانە بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی بیانکەنە قەڵخان.  بەپێی چەند سەرچاوەیەک لە سووپای ئەمریکی  "داعش لە شەڕەکاندا زۆر پشت بەم منداڵانە دەبەستێت بۆ خۆتەقاندنەوە".

ناسر ناوی منداڵێکی جیهادییە کە ئێستا لە ژێر دەستی داعش هەڵاتووە ئەو تەمەنی 12 ساڵە و، دەڵێ " ئێمە فێردەکراین کە ئەمریکییەکان کافر و دوژمنی ئێمەن، موجاهیدەکانیش پارێزەری ئێمەن". ئەو دەڵێت من و 60 قوتابی دیکەی منداڵ پێکەوە مەشقی سەربازیمان پێدەکرا و لەسەرەتای فێربوونمان کاتێک شەڕ دەکرا ئێمە دەچووینە نێو تونێلەکانی ژێر زەوی تاوەکو نەکوژرێین.


 
ناسر دەشڵێت" هیچ منداڵێک بۆی نەبوو بگری یان بیری دایک و باوکی بکات، بۆیە بەدزیەوە دەگریاین" ئەو دەشڵێت "بچوکترین منداڵ کە لەگەڵمان بوو تەمەنی پێنج ساڵان بوو".
 
داعش لەنێو گرتە ڤیدیۆییەکانیدا زۆر پشت بەم منداڵانە دەبەستێت و نمایشییان پێدەکات، چەند جارێک منداڵەکان دیلیان سەر بڕیوە یان بە گوللە لەسەری دیلەکانییان داوە و فێری کوشتن و بڕین کراون، منداڵەکانی ژێر دەستی خەلافەت بەشێکی زۆریان لە بچوکترین دەرفەتدا بیرییان لە هەڵاتن کردووەتەوە، ئەوان سەرەڕای کەمی تەمەنییان، هەمیشە لەبیری ئەوەدان لە دۆزەخی جیهاد هەڵبێن.