رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی دەڵێت ئامادەن بۆ ئاسانکاریکردن بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی رووفاتی سلێمان شا بۆ مەزاری راستەقینەی خۆی.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 11-12-2024) مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند "لەکاتی ئەو هەڕەشانەی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2015 دروستیکرد، هاوکاربووین لە پاراستنی گۆڕی سلێمان شا بۆ گواستنەوەی بۆ ناوچەی ئاشیمە."
مەزڵووم عەبدی دەشڵێت "ئەمڕۆش، دووپاتی ئەرکی خۆمان لە پاراستنی شوێنەوارە دێرینەکان دەکەینەوە، ئامادەیی خۆشمان دەردەبڕین بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئاسانکاری و دووبارە گەڕاندنەوەی رووفاتەکە بۆ مەزاری راستەقینەی خۆی، هاوتەریب لەگەڵ رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پێشوو و لەگەڵ رێزگرتنی تەواو بۆ میراتی کولتووری."
مەزارگەی سلێمان شا بەپێی ماددەی 9 لە رێككەوتنامەی نێوان توركیا و ئینتیدابی فەرەنسی لە سووریا، لە ساڵی 1921ـەوە لەژێر دەسەڵاتی توركیا دایە كە رووبەرەكەی 8,797 مەتر دووجایە و بە قووڵایی 25 كیلۆمەتر دەكەوێتە سنووری پارێزگای حەلەب.
سلێمان شا، باوكی ئەرتوغرولە، دەكاتە باوكی عوسمانی یەكەم، کە دامەزرێنەری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییە. ئەو ئیمپراتۆرییەتەی نزیكەی 600 ساڵ دەسەڵاتی لە ھەموو جیھانی ئێستای عەرەبی و قەوقاز و باكووری ئەفریقیا تاوەکو سنوورەكانی ئەورووپا ھەبوو.
تەرمی سلێمان شا کە پێشتر لە مەزارگەیەک لە 30 کیلۆمەتر لە قوڵایی سنوورەکانی سووریادا بەخاکسپێردرابوو، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی سوپای تورکیا گواسترایەوە بۆ تورکیا. هاوکات ئەو پارچە زەوییەی مەزارگەکەی لەسەر بنیاتنرابوو، بە تەنها خاکی تورکیا دادەنرا لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ