گفتوگۆكانى یه‌مه‌ن لە سوێد پێدەنێنە قۆناخێکی نوێ
رووداو - هەولێر
گفتوگۆكانى یه‌مه‌ن بۆ ئاشتى، له سوێد رۆژى پێنجه‌میان تێپه‌ڕاند. ئێستا لایەنە ناکۆکەکانی یەمەن گه‌یشتوونه‌ته سه‌ر یه‌كێك له هه‌ستیارترین بابه‌ته‌كان، كه له ماوه‌ى رابردوودا زۆرترین شه‌ڕى له‌سه‌ر كراوه ئه‌ویش به‌نده‌رى حوده‌یده‌یه.
رێژەی 75%ـی خۆراك و هاوكارى مرۆیی له رێگه‌ی بەندەری حودەیدەوە ده‌هێنرێته یه‌مه‌ن. بۆیە حوسییه‌كانیش سه‌باره‌ت به به‌نده‌ره‌كه، داواى رێككه‌وتنى سیاسى و هاوبه‌شى له به‌ڕێوه‌بردنیدا ده‌كه‌ن.
سه‌لیم ئه‌لمەغلەس، ئه‌ندامى شاندى حوسییه‌كان دەڵێ "پێموایه كشانه‌وه له حوده‌یده ته‌نیا له سێبه‌رى چاره‌سه‌رێكى گشتگیرى سیاسی‌دا رووده‌دات".
شاندى حكومه‌تى یه‌مه‌ن پێشتر گوتیان ده‌بێت به‌رپرسانى پێشووى به‌نده‌ره‌كه به‌ڕێوه‌بردنى حوده‌یده بگرنه‌وه ده‌ست، به‌ڵام ئێستا تاوتوێى پێشنیازه‌كانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ن.
هادى هایگ، ئه‌ندامى شاندى حكومه‌تیش دەڵێ "دۆسیه‌كانى ته‌عز و حوده‌یده هه‌ن و، هاوئاهه‌نگییه مرۆییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌ى سه‌نعا. ئێمه دیدگاى خۆمان خستووه‌ته‌ڕوو، هەروەها دیدگاى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانمان وه‌رگرتووه و تاوتوێیان ده‌كه‌ین".
نێرده‌ى تایبه‌تى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت هێشتا كارى زۆر ماوه بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى رێکبکەون و، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ش ناكه‌ن دواى كۆبوونه‌وه‌كان لایه‌نه‌كان ده‌ستبه‌جێ چه‌ك دابنێن، به‌ڵام كه‌مبوونه‌وه‌ى شه‌ڕه‌كان خاڵى ئه‌رێنین.
مارتین گریفیس، نێردەی تایبه‌تى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ یه‌مه‌ن رایگەیاند "باسمان له حوده‌یده و ته‌عز كردووه، ئه‌مانه دوو قەرەباڵخترین ناوچه‌ى یه‌مه‌نن، كه شه‌ڕ گرتوونه‌تییه‌وه، من هیوام هه‌یه بتوانین رێکبکەوین له‌سه‌ر نزمبوونه‌وه‌ى ئاستى پێكدادانه‌كان و كه‌مبوونه‌وه‌ى شه‌ڕ له هه‌ردوو شوێنه‌كه. من هیوادارم بتوانین، به‌ڵام هێشتا بەمە نەگەیشتووین".
كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه سیاسی و شه‌ڕكه‌ره‌كان له سوێد له‌كاتێكدایه، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هۆشداری داوە لەوەی زیاتر لە 250 هەزار کەس لەو وڵاتە له قۆناخى پێنجه‌می ریزبه‌ندیی ئاسایشى خۆراكدان، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆى دروستبوونى كاره‌سات. خەڵکی یه‌مه‌ن ئێستا 10 جار زیاتر له خەڵکی هه‌ر وڵاتێكى دیكه‌ى جیهان، رووبه‌رووى مه‌ترسى ئاسایشى خۆراك ده‌بنه‌وه.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار