حیزبوڵڵا: ئیسرائیل ناتوانێت تەنانەت یەک گوندی لوبنانیش داگیر بکات

11-11-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، ئیسرائیل تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە یەک گوندیش لە لوبنان 'داگیر بکات'، ئەوەش لەکاتێکدایە، ئیسرائیل شەش هەفتەیە ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر باشووری لوبنان دەستپێکردووە. 
 
رۆژی دووشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2024، محەممەد عەفیف، گوتەبێژی حیزبوڵڵا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە باشووری بەیرووت گوتی: "دوای 45 رۆژ لە شەڕێکی خوێناوی، دووژمن [ئیسرائیل] هێشتا توانای ئەوەی نییە تاکە گوندێکیش لە لوبنان داگیر بکات."
 
ئیسرائیل لە 30ـی ئەیلوول ئاماژەی بەوە کرد، 'هەڵمەتێکی ناوخۆیی و ئامانجدار'ـیان لە دژی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان دەستپێکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ماوەی هەفتەیەک پێش ئەوە بە چڕی بۆردوومانی پێگەکانی ئەو ناوچەیەی دەستپێکرد. 
 
بەگوێرەی پێگەی liveuamap ئیسرائیل لە رۆژئاوای لوبنانەوە رێگەی بەکارهێنانی دەریای نێوەڕاستی گرتووە و هیچ جووڵەیەکی تێدا نەماوە، لە باشوور بە قووڵایی 3 تاوەکو 5 کیلۆمەتر چووەتە ژوورەوە و لە رۆژهەڵاتیش 2 تاوەکو 5 کیلۆمەتر پێشڕەوی کردووە.
 
حیزبوڵڵا 24 رۆژ دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای ئیسرائیل، لە 23ـی تشرینی یەکەم، رەتیکردەوە ئیسرائیل هیچ شوێنێکی لە لوبنان گرتبێت.
 
ئیسرائیل دەڵێت، ئامانجی ئەوەیە سەلامەتی سنوورەکانی باکووری وڵاتەکەی لەگەڵ لوبنان بپارێزێت و دەشیەوێت ئەو 65 هەزار کەسەی لەو ناوچەیە ئاوارە بوون، بگەڕێندرێنەوە ناوچەکە. 
 
لە رۆژی سێی ئەم مانگە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیانە چەکدارانی حیزبوڵڵا بەرەو رووباری لیتانی بکشێننەوە.
 
ئەو راگەیێندراوەی حیزبوڵڵا لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی رۆژی یەکشەممەی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە، لانیکەم 41 کەس کوژراون. 23 یان لە باکووری بەیرووت بوون؛ لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن.
 
وەزارەتی تەندروستی لوبنان دەڵێت: "هێرشێکی ئیسرائیلی دووژمن بۆ سەر گوندی عەلمای شاری جەبیل، 23 کەس کوژران کە حەوتیان منداڵ بوون".
 
گوندی عەلما، 30 کیلۆمەتر لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دوورە، مسوڵمانانی شیعە مەزهەب زۆرینەی دانیشتووانی گوندەکە پێکدەهێنن.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، تاوەکو ئێستا بەهۆی جەنگەوە سێ هەزار و 180 کەس لە لوبنان کوژراون و 13 هەزار و 879 کەسی دیکەش بریندار بوون. لەنێو کوژراوەکاندا 192 منداڵ و 618 ژن هەن.
 
لە ئیسرائیلیش، ئامارەکان ئەوە دەردەخەن، هێرشەکانی حیزبوڵڵا بووەتە هۆی کوژرانی 72 کەس و برینداربوونی لانیکەم هەزار و 200 کەسی دیکە. 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە