نەتەنیاهوو: لەگەڵ ترەمپ لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران هاوڕاین

دوێنێ کاژێر 09:53
رێبەر حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا "لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران هاوڕاین."
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە 10-11-2024 رایگەیاند، "لە چەند رۆژی رابردوودا سێ جار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێرداوی ئەمریکا قسەم کردووە. گفتوگۆکان زۆر باش و گرنگ بوون. ئامانجەکە بەهێزترکردنی هاوئاهەنگیی بەهێزی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا بوو."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، بەشێکی سەرەکی گفتوگۆکان لەبارەی ئەو دۆخە بووە لە ناوچەکەدا هەیە و گوتی، "لەبارەی هەڕەشەی ئێران و ئەو مەترسیەی دروستی دەکات، هاوڕا بووین."
 
ساڵێک زیاترە ئیسرائیل لەگەڵ حەماسی فەلەستینی، حیزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن لە جەنگدایە؛ لەو ماوەیەدا ئێران دوو جار بە سەدان مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل.
 
کۆتایی مانگی رابردووش ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیەک ئامانج لەنێو ئێران و بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن، بێ وەڵام نامێننەوە.
 
لە ساڵی 2016وە ترەمپ و نەتەنیاهوو چەندین جار کۆبوونەتەوە. دوایین جار لە 26ی تەممووزی 2024 لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا بوو. لە کۆبوونەوەکەدا ترەمپ پشتیوانیی خۆی بۆ ئیسرائیل لە جەنگی غەززە دووپاتکردەوە.
 
ترەمپ لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا چەندین جار رایگەیاند، ئەگەر لە 2021ەوە سەرۆکی ئەمریکا بووایە، جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووی نەدەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە