غەززە لە بێ کارەباییدا؛ بە رۆژ مۆبایل بارگاوی دەکەن بە شەو ماڵەکانی پێ رووناک دەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی پێنج هەفتەیە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل بەردەوامە، بەهۆی شەڕەکەوە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە خەڵکی غەززە بڕدراون، بەتایبەتیش کارەبا. پچڕانی کارەبا خەڵکی ناچارکردووە بەدوای رێگە و شوێنێکدا بگەڕێن بۆ بارگاویکردنی مۆبایلەکانیان. مەحموود، یەکێکە لەو هاووڵاتییانەی ناچارە رۆژانە کاتێکی زۆر تەرخان بکات بۆ بارگاویکردنی مۆبایلەکەی. 
 
مەحموود عزەددین، یەکێکە لەو هاووڵاتییانەی ناچارە رۆژانە کاتێکی زۆر تەرخان بکات بۆ بارگاویکردنی مۆبایلەکەی و دەڵێت، "ناچارین، مەودایەکی زۆر ڕێ بکەین و چەندین کاژێر لە نزیک بنکەی بەرگریی شارستانیدا چاوەڕێ بکەین بۆ ئەوەی مۆبایلەکانمان بارگاوی بکەین. بارگاویکردنی مۆبایلەکانمان زۆر گرنگە بەهۆی ئەوەی بەردەوام پەیوەندیی بە کەسوکارەکانمانەوە بکەین و ئاگاداری دۆخیان ببین، هەروەها بە تیشکی مۆبایل، ماڵەکانمان لە کاتی شەودا رووناک دەکەینەوە. بۆیە لە کاژێر 7ـی بەیانییەوە بۆ بارگاویکردنی مۆبایلەکان، دێینە ئێرە."
 
لێرە لە گۆڕەپانی پزیشکیی ناسڕ، کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە، گەنجەکان کۆدەبنەوە بۆ بارگاویکردنی مۆبایلەکانیان. گردبوونەوەیان بووەتە دیاردەیەکی رۆژانە. 
 
عەبدوڵڵا مەدهون، هاووڵاتییەکی دیکەی کەرتەکەیە باسی دۆخی بێ کارەبایی کرد و گوتی، "دێینە نەخۆشخانە، بۆ بارگاویکردنی مۆبایلەکانمان تاوەکو پەیوەندیی بە خزم و کەسوکارەکانمان بکەین و لە دۆخی تەندروستییان دڵنیاببینەوە. شەوانیش، بە لایتی مۆبایلەکانمان، نێو ماڵەکانمان رووناک دەکەینەوە. ئیدی بۆ بارگاویکردن نۆرە دەگرین." 
 
ئەحمەد سالم، باس لەوە دەکات کە رۆژانە هەزاران هاووڵاتیی و ئاوارەی بەشی باکوور، لەپێناو هەواڵپرسینی کەسوکارەکانیان، روو دەکەنە ئێرە بۆ ئەوەی مۆبایلەکانیان بارگاوی بکەن. دەشڵێت، "هەرچەندە شوێنەکەش گونجاو نییە و بارگاویکردنیش کاتێکی زۆری پێویستە، بەڵام کەمێکیش بێت بەپێی پێویست بارگاوییان دەکەین، چونکە لێرەش کارەبا دەپچڕێت." 
 
سەرباری پچڕانی هەمیشەیی تەزووی کارەبا، دانیشتووانی غەززە، بەدەست خراپی پەیوەندیی تەلەفۆنی و تۆڕی ئینتەرنێت دەناڵێنن. هەندێک جار بەردەستن و زۆرجاریش دەپچڕێن. 
 
بارگاوی کردنەوەی مۆبایل و چەندین کێشە و گرفتی دیکە بەرۆکی هاووڵاتییانی غەززەی گرتووە بەهۆی بەردەوامە هێرشەکانی نێوان گرووپەچەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل.