ئەردۆغان: پێویستە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بوونی چەکی ئەتۆمی لە ئیسرائیل بکرێت

11-11-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا لە لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کە لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکێشکرد و داوایکرد لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بوونی چەکی ئەتۆم بکرێت کە وەزیرانی ئیسرائیلی دانیان پێداناوە.
 
لە بەشێکی گوتارەکەیدا کە رۆژی شەممە، 11-11-2023، لە ریازی پایتەختی سعودیە و لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بەرێوەچوو. ئەردۆغان گوتی، "ئەوانەی لە بەرامبەر رشتنی خوێنی فەلەستینییەکان بێدەنگن، بە رادەی ستەمکارەکان لەو تاوانانەدا هاوبەشن. هەروەها گەیاندنی سووتەمەنی بۆ ئەو شوێنانەی پێویستن؛ بە تایبەتی نەخۆشخانەکان زۆر گرنگە."
 
ئەردۆغان پێشنیازیشی کرد کە بە مەبەستی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی غەززە، وەک وڵاتانی هاریکاریی ئیسلامی پێویستە سندووقێک دابمەزرێنین. 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "قودس هێڵی سووری ئێمەیە. ئاواتی هەموومان ئەوەیە کە قودس کە وەک شاری ئاشتی بناسرێت و هەموو خاکی فەلەستین بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران." سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها بە پێویستی زانی "ئیسرائیل ناچار بکرێت قەرەبووی تێکدەرییەکانی بکاتەوە."
 
ئایا ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی هەیە؟
 
ئیسرائیل تائێستا بە فەرمی راینەگەیاندووە چەکی ئەتۆمی هەبێت، بەڵام بەگوێرەی فیدراسیۆنی زانایانی ئەمریکی، ئیسرائیل نزیکەی 90 چەکی ئەتۆمی هەیە. رۆژی 6-11-2023 حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکەم ئەم رژێمە دڕندەیە لە چەک دابماڵن."
 
رۆژی یەکشەممە، 05-11-2023 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریدا ئەمیحای ئێلیاهوو، وەزیری کاروباری قودس/ئۆرشەلیم و کەلەپووری ئیسرائیلی لە کۆبوونەوە فەرمییەکان سڕ بکات؛ ئەوەش دوای ئەوەی ئەو وەزیرە رایگەیاندبوو بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە غەززە یەکێکە لە ئەگەرەکان. رۆژی یەکشەممە، ئەمیحای ئێلیاهوو لە بەرنامەیەکی رادیۆیی کاتێک لێی دەپرسن، "ئایا ئیسرائیل بۆمبی ئەتۆمی بەکاردەهێنێت؟" لە وەڵامدا دەڵێت، "ئەمە یەکێکە لە ئەگەرەکان."
 
نەتەنیاهوو لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) گوتی، "قسەکانی ئەمیحای دوورن لە راستییەوە."
 
لە دوای ئەو گفتوگۆ سەرنجڕاکێشە یائیر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن لە ئیسرائیل لە تۆڕی ئێکس بە پێویستی زانی نەتەنیاهوو ئەو وەزیرە دووربخاتەوە. 
 
دواتر، ئەمیحای ئێلیاهوو لە هەژماری خۆی لە ئێکس رایگەیاند، "مەبەستم لە دەربڕینی ئەو وشەیە ئەوەیە دەبێت تیرۆریستان بە تووندی وەڵام بدرێنەوە و دەوڵەتی ئیسرائیلیش هەموو شتێک دەکات بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان بە سەلامەتی."
 
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەر لە ئێکس رایگەیاند، قسەکانی ئەو وەزیرە بێبنەمان و شتێکی باشە، کە خەڵکێکی ئاوا ئاسایشی ئیسرائیلیان لەژێر دەسەڵات نییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە