تاڵیبان چوونی ژنان بۆ شاری یاری و پارکەکان قەدەخە دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

لە نوێترین بڕیاریدا بزووتنەوەی تاڵیبان چوونی کچان و ژنان بۆ پارکە گشتییەکانی کابوولی پایتەخت قەدەخە دەکات و دەڵێت، هەوڵی زۆریانداوە، بەڵام دەرکەوتووە لەو شوێنانە "شەریعەتی ئیسلام" پەیڕەو ناکرێن و ژن و پیاو تێکەڵ دەبن. 
 
رۆژی 10ـی ئەم مانگە، وەزارەتی فەرمان بە چاکە و رێگری لە خراپەی حکومەتی تاڵیبان چوونی کچ و ژنانی بۆ شاری یاری و پارکەکان قەدەخەکرد، هەربۆیە، ئێستا تەنیا پیاوان مافی چێژ بینینیان لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو وڵاتەدا هەیە.
 
ریسالەت، دانیشتووی کابوولە و دەڵێت، "هەموو ژنێک و مرۆڤەکانی دیکەش پێویستیان بە بەسەربردنی کاتێکی خۆش و ئاو و هەوایەکی خۆش هەیە، بەڵام تاڵیبان ئەم سێ رۆژە ئەم پارکەی لێ قەدەخەکردووین و ناتوانین سەردانی بکەین."
 
بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن، هۆکاری زەوتکردنی ئەو مافە لە کچان و ژنانی ئەو وڵاتە، پابەندنەبوونیانە بە یاسای باڵاپۆشیی ناچارییەوە، بەڵام ئەمە یەکەم جار نییە، کە تاڵیبان ئازادییەکانی ژنان سنووردار دەکات.
 
لە 25ـی ئابی 2021ـەوە کە تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتەوە دەست، ژمارەیەک مافی سەرەتایی ژنانی قۆرخکردووە کە بریتین لە: سەپاندنی سەرپۆش و رووبەند، قەدەخەی خوێندنی کچان لە قۆناخەکانی ناوەندی و دواناوەندی، رێگەگرتنی کارمەندانی ژن لە چوونە نێو دامەزراوەکانیان، وەستاندنی مۆڵەتی شۆفێری بۆ کچ و ژنان، قەدەخەکردنی گەشتکردن بۆ نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بە تەنیا، چوون بۆ هۆڵی لەشجوانی و دوایینیشیان شاری یاری و پارکەکان.
 
بەهۆی بڕیارە نوێیەکەی تاڵیبانەوە، زۆربەی پارک و شوێنە گشتییەکانی ئەفغانستان چۆڵبوون.
 
حەبیب، خاوەنی پارکی زازایە کە 11 ملیۆن دۆلاری لە دروستکردنەکەیدا خەرجکردووە؛ دەڵێت زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و ناچارن دەستبەرداری بەشێکی زۆری ئەو 250 کارمەندە ببن کە کاریان بۆ دەکەن.
 
حەبیب جان زازای ئاماژە بەوە دەکات، 90٪ـی سەردانیکەرانیان لەدەستداوە، "داهاتی ئێمە لەسەر خێزانەکان بوو، بەڵام ئێستا هەموو خێزانێک لە ماڵێکی بچووکدا وەکو زیندانی دەژین، بەڵام جاران هەفتەی جارێک سەردانی پارکیان دەکرد. ئەگەر سەردانیکەرمان نەبێت، ناتوانین پارەی ئەو 250 کرێکارە و کارەبا و باج و مووچە دابین بکەین."
 
جگە لەو یاسا تووندانەی بەسەر ژناندا سەپاندوویەتی، تاڵیبان بە گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات دۆخێکی ئابووری سەختی لە وڵاتەکەدا هێنایە کایەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 24 ملیۆن هاووڵاتی کە دەکاتە 60٪ـی دانیشتووانی ئەفغانستان، پێویستیان بە هاریکاری مرۆیی هەیە.