سوپای ئیسرائیل دەڵێت هێرشی کردووەتە سەر "هەڕەشەیەکی مسۆگەر" لەنزیک بارەگای یونیفێل

دوێنێ کاژێر 08:51
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو شوێنەی رۆژی هەینی لەنزیک هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفێل) لە باشووری لوبنان تەقەیان لێ کرد، "هەڕەشەیەکی مسۆگەر"ی لێبووە.
 
سوپاکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەو سەربازانەی لە باشووری لوبنان لە ئۆپەراسیۆندان، هەڕەشەیەکی مسۆگەریان بۆ سەر خۆیان بینی. سەربازان بە تەقەکردن بە ئاراستەی هەڕەشەکە، وەڵامیان دایەوە. لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی دەریدەخات کە لە کاتی رووداوەکەدا شتێک بەر پێگەیەکی یونیفێل کەوتووە، کە 50 مەتر لە سەرچاوەی هەڕەشەکەوە دوور بووە، لە ئەنجامدا دوو سەربازی یونیفێل بریندار بوون."
 
هێزە نێونەتەوەییەکە پێش ئەو راگەیێندراوە رایگەیاندبوو، سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی ناقوورە لە باشووری لوبنان لە تاوەرێکی چاودێریی بارەگای ئەوانی داوە.
 
رۆژی پێنجشەممەش یونیفێل رایگەیاند، تانکێکی ئیسرائیل تۆپێکی بە تاوەرێکی چاودێریی ئەوانەوە ناوە و دوو سەربازیان برینداربوون و ئەوەش دواتر سەرکۆنەی نێودەوڵەتی بەدوادا هات.
 
هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نزیکەی 10 هەزار سەربازی چەندین وڵات، پاسەوانی لە سنووری لوبنان دەکەن کە ئێستا کەوتووەتە بەر هێرشی ئاسمانی و زەوینیی ئیسرائیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە