هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئیسرائیل کاردانەوەی جیاوازی لە شەقامی ئێران لێدەکەوێتەوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو کاژێرە سفرەی کە دەگوترێت ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دایناوە، بەشێكی بەرچاوی دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە نێویاندا تارانی پایتەختی نیگەران کردووە.
 
لەیلا دەڵێت بە دڵنیاییەوە نیگەرانین، چونکە رۆح شیرینە. ئیلهام-یش دەڵێت بشمرین هەر شەهیدین.
 
هەفتەیەک زیاترە، ئیسرائیل دەهۆڵ و زڕنا بۆ هێرشە چاوەڕێکراوەکەی بۆ سەر ئێران لێدەدات و باس لە "گورزێكی کوشندە" دەکات.
 
یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی 9-10-2024 رایگەیاند: "هێرشەکەمان کوشندە، ورد و شۆکێنەر دەبێت، کاتێك کە دەیکەین ئەوان تێناگەن چی روویدا و چۆن روویدا، ئەنجامەکان دەبینن".
 
بەرپرسانی ئێرانی، دیارترینیان عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوە بەم دواییە هۆشداری دایە ئیسرائیل و پێیگوت: "ئەگەر هێرش بکەیت، تونودتر لە جاران وەڵام دەدرێیتەوە."
 
شەڕە مووشەک و قسەی تەلئەڤیڤ و تاران، شەقامیشی هێناوەتە قسە. ئیرەج- دانیشتووی تارانە و دەڵێت: "ناڵێم نیگەران نین، بەڵێ ئێمە نیگەرانی وڵاتمانین و حەز ناکەین ئێران تووشی شەڕ ببێت و شەڕ بێتە نێو خەڵک و وڵاتمان".
 
حەمید دانیشتووی تارانە و ئاماژە بەوە دەکات: "نەخێر پێموانییە هەردوو وڵات بیانەوێت تێکەڵ بە شەڕ بن، چونکە دەرهاویشتەی ئابووری و سەربازی قورس بۆ هەردوولا لێدەکەوێتەوە".
 
کەی، کوێ و چۆن، ئەو سێ پرسیارەن کە هێشتا بەرۆکی هێرشەکەی ئیسرائیلیان بەرنەداوە. 
 
دەگوترێت کەلێنێک لە نێوان بایدن و نەتانیاهوو هەیە؛ یەکەمیان پێی باشە هێرشێك بێت ئەتۆم و نەوتی ئێران نەگرێتەوە؛ دووەمیشیان مێشکی دەکوڵێت بۆ تێسرەواندنی ئەو ئامانجانە.