سوپای ئیسرائیل کوشتنی فەرماندەیەکی باڵای جیهادی ئیسلامی لە کەرتی رۆژئاوا راگەیاند

11-10-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە بۆردوومانێکدا بۆ سەر کەمپی تولکەرەم فەرماندەیەکی جیهادی ئیسلامییان لە کەمپی نور شەمسی کەرتی رۆژئاوا کوشتووە. 
 
رۆژی هەینی، 11ی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بۆردوومانی کەمپی تولکەرەمی کەرتی رۆژئاوایان کردووە، لە ئەنجامدا محەممەد عەبدوڵڵا، فەرماندەی جیهادی ئیسلامی لە کەمپی نور شەمسی کەرتی رۆژئاوا کوژراوە. سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، لەو بۆردوومانەدا "تیرۆریستێکی" دیکەشیان کوشت.
 
عەبدوڵڵا جێگرەوەی محەممەد جابر بوو کە بە ئەبوو شوجاع دەناسرا. محەممەد لە بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی رۆژئاوا لە ئابی ئەم ساڵ کوژرا. 
 
جیهادی ئیسلامی بە هاوپەیمانیی حەماس دادەندرێت. حەماس لە کەرتی غەززە و جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی رۆژئاوا سەرقاڵی جەنگن لە دژی ئیسرائیل. 
 
لە تشرینی یەکەمی 2023وە کە جەنگی ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد، گرژییەکانی کەرتی رۆژئاواش زیادیان کرد. 
 
بەگوێرەی تەندروستی کەرتی رۆژئاوا، لەو کاتەوە لە گرژییەکاندا 705 کەس کوژراون. هەروەها بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو گرژیانەدا 24 سەرباز، پۆلیس و کەسی سڤیلی ئیسرائیلی کوژراون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە