ئەمریکا: باڵیۆزخانەکەمان لە بەیرووت دانەخراوە

رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لوبنان رەتیکردەوە باڵیۆزخانەکەیان چۆڵکردبێت و دەڵێت،  لە کارەکانیان بەردەوامن.
 
شەوی چوارشەممە، 11-10-2023، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەیرووت کراوەیە و بەشێوەیەکی ئاسایی کارەکانی دەکات، ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی باسی چۆڵکردنی باڵیۆزخانە دەکەن، ناڕاستن."
 
ئەو روونکردنەوەیەی باڵیۆزخانەکە دوای ئەوە هات، کە هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە، کە باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لوبنان داخراوە.
 
رۆژی 7ـی ئەم مانگە چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و، ئیسرائیلیش لەوکاتەوە هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس لە هەردوولای شەڕەکە کوژراون و بە هەزارانی دیکەیش بریندارن.
 
رۆژی 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، تەنیا یەک رۆژ دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، حیزبوڵڵای لوبنان دوو بارەگەی سوپای ئیسرائیلی لە باکووری ئیسرائیل کردە ئامانج. ئیسرائیلیش لەگەڵ هێرشەکانی بۆ سەر حەماس، لە بۆردوومانکردنی چەکدارەکانی حیزبوڵڵا دەستی نەپاراست و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکانی، ئیسرائیل هێزێکی زۆری رەوانەی سنوورەکانی لەگەڵ لوبنان کردووە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، گوماندەکرێت لە سنوورەکانییەوە لەگەڵ لوبنانەوە هێرشی کرابێتەسەر و بەشێک لە گرووپەکانی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانیش لە سۆشیاڵ میدیا باسیان لەوەکرد لە رێگەی درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.