رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بۆردوومانەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، 74 کەسی بیانی کوژراون و لانیکەم 69ی دیکەش بێسەروشوێنن. هاوکات، ژمارەیەک هاووڵاتیی بیانی دیکەش بەدیل گیراون.
لە سەرەتای شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی شەممە، 07-10-2023ـەوە، بەهۆی بۆردوومانکردنی ئیسرائیلەوە 74 هاووڵاتیی بیانی کوژراون و لانیکەم 69ی دیکەش برینداربوون. لە ئیسرائیل لەنێو کوژراوەکاندا هاووڵاتیی تایلاندی و ئەمریکایی زۆرینەن و زۆرترین هاووڵاتیی فەرەنسی و ئەرجەنتینیش بێسەروشوێن بوون.
رۆژی سێشەممە، 10-10-2023، وەزارەتی دەرەوەی تایلاند رایگەیاند، 18 هاووڵاتیی تایلاندی کوژراون و نۆی دیکەش بێسەروشوێن بوون. هاوکات، جاکاپۆنگ سانگمانی، جێگری وەزیری دەرەوەی تایلاند رایگەیاند: نزیکەی پێنج هەزار هاووڵاتیی تایلاندی لە ناوچە مەترسیدارەکانی شەڕەکە گوازراونەتەوە و "زیاتر لە سێ هەزار کەسیش داوای گەڕانەوەیان بۆ تایلاند کردووە."
دوای تایلاند، زۆرترین هاووڵاتیی ئەمریکی لە ئیسرائیل کوژراون. رۆژی سێشەممە، 10-10-2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "لانیکەم 14 هاووڵاتیی ئەمریکی کوژراون" و "دەزانین کە هاووڵاتیی ئەمریکیش لەنێو ئەو کەسانەدان کە لەلایەن حەماسەوە گیراون."
رۆژی سێشەممە، 10-10-2023، حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند: لە بۆردوومانەکانی سەر ئیسرائیلدا هەشت هاووڵاتیی فەرەنسی کوژراون و 20 هاووڵاتیی دیکەشیان بێسەروشوێن بوونە. پێشتریش رۆژی دووشەممە، 09-10-2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین بڵاویکردەوە، لە بۆردوومانەکانی سەر ئیسرائیلدا حەوت هاووڵاتییان کوژراون و 15ی دیکەش بێسەروشوێن بوونە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە رۆژی شەممە، 07-10-2023ـەوە تاوەکو کۆتایی رۆژی سێشەممە، 10-10-2023 لە ئیسرائیل ژمارەی کوژراوانی بیانی بەو جۆرە بووە؛ 18 تایلاندی، 14 ئەمریکی، 10نیپاڵی، هەشت فەرەنسی، حەوت ئەرجەنتینی، چوار رووسی، دوو ئۆکراینی، دوو بەریتانی، یەک کەنەدی، یەک کەمبۆدی، سێ چیلی، دوو پیرۆیی و دوو بەڕازیلی.
شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرد. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو بەرەی ئیسرائیل و فەلەستین، لە رۆژی شەممە، 07-10-2023ـەوە تاوەکو چوارشەممە، 11-10-2023، شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلدا لە هەردوولا زیاتر لە دوو هەزار و 100 کەس کوژراون و نزیکەی هەشت هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ