ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بۆ بافڵ تاڵەبانی: دەبێت پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی

12-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەی ئێران دەڵێت، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان؛ حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە جەختی لە خێرا جێبەجێکردنی رێکكەوتنی ئەمنیی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراقی کردووەتەوە.
 
وەزارەتی دەرەی ئێران، رۆژی دووشەممە، 11ی ئەیلولی 2023، راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان باسی بوونی کۆمەڵێک هێزی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردووە و بە بافل تاڵەبانیی گوتووە، بوونی تیرۆریستەکان لە هەرێمی کوردستان و چالاکییەکانیان لە دژی ئاسایشی ئێران، پێچەوانەی دەستووری عێراق و پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوولا و هیچ لایەنێک نابێت ببێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هاوسێکانی عێراق."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی تاران-بەغدای کردەوە و بە پەیوەندیی "بەهێز" ناوی بردن و جەختی لە "خێرا جێبەجێکردنی رێکكەوتنی ئەمنیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کردەوە."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سوپاسی هاوکارییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ دەوڵەت و گەلی عێراقی کردەوە و رایگەیاندووە: "ئێران بەهێزترین پشتیوانی گەلی عێراقە و شانازی بە پەیوەندییەکانیان و دۆستایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە، بافل تاڵەبانی ئاماژەی بە هەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، "عێراق رێگە نادات لە خاکی ئەو وڵاتەوە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ‌ بە تایبەتیش بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران دروست ببێت."
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ تاران گوتی، سەردانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ تاران "لە چوارچێوەی گفتوگۆ و هاوکاری ئەرێنیی دوو لایەنەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراقە و هیچ پەیوەندیی بە رێککەوتنی ئەمنییەوە نییە."
 
ناسر کەنعانی هەروەها گوتی، 28ـی خەرمانان (19ـی ئەیلوول) وادەی دیاریکراوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی چەککردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە ئاشکرا و بە فەرمی لە لایەن بەرپرسانی پەیوەندیداری ئێرانەوە بە بەرپرسانی عێراق راگەیێندراوە، وادەکە درێژ ناکرێتەوە.
 
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکرد کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد. یاداشتەکە هاوئاهەنگی لەڕووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتووە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە