رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی ئیسرائیل بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی رێکخراوی یونسکۆ سەردانی شاری ریازی پایتەختی سعودیەی کرد، ئەمەش بە یەکەم سەردانی شاندێکی فەرمی ئیسرائیلی بۆ سعودیە دادەنرێت.
رۆژی دووشەممە 11ی ئەیلوولی 2023، شاندێکی پێنج کەسی لە ئیسرائیلەوە گەیشتنە ریاز، بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی رێکخراوی یونسکۆ، تایبەت بە نوێکردنەوەی لیستی شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەو رێکخراوە. ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەی چەند ساڵێکە باس لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل دەکرێت.
یەکێک لەو بەرپرسە ئیسرائیلیانەی ئەندامی شاندەکەیە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند: "دڵخۆشین لێرەین، هەنگاوێکی یەکەمی باشە. سوپاسی یونسکۆ و دەسەڵاتدارانی سعودیە دەکەین".
تیمەکە بە دوبەیدا گەیشتبوونە سعودیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تائێستا هیچ گەشتێکی ئاسمانی راستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل و سعودیەدا نییە و ڤیزاکەشیان لە رێگەی رێکخراوی یونسکۆوە وەرگرتبوو.
ئەندامێکی دیکەی ئەو شاندەش سەبارەت بە سەردانەکەیان بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسای گوتووە، "سەردانەکەمان زۆر باش بوو.. بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ کردووین".
سەرەڕای ئەوەی سەردانەکە هیچ گرنگییەکی سیاسیی نییە، بەڵام لەکاتێکدایە کە هەوڵ هەیە بۆ نزیککردنەوەی ئەو دوو وڵاتە.
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، هەفتەی رابردوو شاندێکی فەڵەستینی سەردانی سعودیەیان کردووە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی داهاتووی فەڵەستین و سعودیە لە ئەگەری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعودیە.
ئەم هەوڵانەش بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل لەکاتێکدایە، مانگی نیسانی رابردوو، سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا ئاساییکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ