بەڕێوەبەری مۆساد بۆ ئێران: ئەگەر جووەکان تیرۆر بکەن، سەرکردە باڵاکانتان دەکەینە ئامانج

11-09-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت: "ئەگەر هەر ئیسرائیلی یان جوویەک تیرۆر بکەن، سەرکردە باڵاکانتان دەکەینە ئامانج".
 
شەوی یەکشەممە، 10-9-2023، دەیڤید بارنیا، بەڕێوەبەری مۆساد لە گوتارێكیدا لە "کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" لە شاری هێرزلیای ئیسرائیل گوتی: " ئێران بەشێوەیەکی رێکخراو دەستی بە کردە تیرۆریستەکانی لە سەرانسەری جیهاندا بردووە؛ ئەو کردانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ "ئاراستەی سیاسیی رابەر (رابەری ئێران)" دەکرێت، ئەگەر ئیسرائلی یان جوویەک زیانی پێبگەیێندرێت، سەرکردە باڵاکانی ئێران دەکرێنە ئامانج.
 
بارنیا گوتیشی، "ئێران بەختی هەبووە کە سەرجەم کردە تیرۆریستەکانی شکستیان پێهێنراوە، چونکە ئەگەر وا نەبووایە و هاووڵاتی ئیسرائیلی یان جووەکان زیانیان پێگەیشتبایە، وەڵامی ئیسرائیل دەگەیشتە بەرپرسە باڵاکانی ئێران"؛ هۆشداریشی دا لە بیرکردنەوە لە زیانگەیاندن بە جووەکان لە هەرکوێ بن لە جیهاندا.
 
بەڕێوەبەری مۆسادی ئیسرائیلی بە ژمارە ئاماژەی بە هەوڵەکانی تاران بۆ تیرۆرکردنی جووەکان دا و گوتی لە "ساڵی رابردوودا دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل توانیویەتی شکست بە 27 هەوڵی ئێران بهێنێت کە لە سەرانسەری جیهان دژی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی یان جووەکان کردوویانە". بارنیا هۆشداری دا و گوتی: "پێچەوانەی ساڵانی رابردوو وەڵامی ئەمجارەی ئیسرائیل بڕیار بەدەستان دەبێت و لە قووڵایی تارانیش دەدەین".
 
تەممووزی ئەمساڵ، دەزگای هەواڵگریی ئازەربایجان گەنجێكی تەمەن 23 ساڵی ئەفغانی دەستگیر کرد، کە "پلانی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە باکو، پایتەختی ئەو وڵاتەی دانا بوو". تەلئەڤیڤ تارانی بە بەرپرس لە پلانی هێرشەکە دانا.
 
مانگێک بەر لەوەش، هێزە نهێنییە ئەمنییەکانی قوبرس "پووچەڵکردنەوە"ی هەوڵێكی بۆ تیرۆرکردنی ژمارەیەک ئیسرائیلی رایگەیاند.
 
پێش ئەوەش لە مانگی ئاداردا، پۆلیسی یۆنان دوو پاکستانی دەستگیرکرد کە "پلانی هێرشکردنە سەر رێستورانتێكی جووەکانیان لە شاری ئەسینا داڕشتبوو".
 
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووش دەزگای هەواڵگریی جۆرجیا رایگەیاند: "هەوڵێكی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان پووچەڵ کردووەتەوە بۆ تیرۆرکردنی هاووڵاتییەکی جۆرجی بە رەچەڵەک ئیسرائیلی لە تێبلیسی پایتەختی جۆرجیا".
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە