رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دەداتە کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.
رۆژی یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024، یواڤ گاڵانت، وەزیریی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "دووژمنانمان لە ئێران و حیزبوڵڵا هەڕەشەی ئەوەمان لێدەکەن کە بە جۆرێک ئازارمان دەدەن تاوەکو ئێستا نەیانکردبێت، بەڵام دەبێت بزانن رووبەڕووی وەڵامێکیش لە ئێمەوە دەبنەوە کە تاوەکو ئێستا رووینەدابێت".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "توانای زۆرمان هەیە و هیوادارم دووبارە بیربکەنەوە و جەنگ لە بەرەی زیاتر هەڵنەگیرسێنن".
گالانت هیوای خواست ئێران و ئیسرائیل "بە وریاییەوە بیر لە کارەکانیان بکەنەوە و دووربکەونەوە لەوەی وامان لێبکەن کارێک بکەین کە ببێتە هۆی زیانی گەورە و هەڵگیرسانی جەنگ لە بەرەی زیاتر. ئەوە کارێکە کە نامانەوێت، بەڵام پێویستە ئامادەبین ئەگەر رووبدات."
31ـی تەممووز، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا، ئەوەش هەڕەشەی ئێرانی بۆ تۆڵەکردنەوە و مەترسیی فراوانبوونی ململانێی غەززە بۆ جەنگێکی فراوانتری بەدوادا هات.
ئێران کوشتنی هەنییەی خستووەتە ئەستۆی ئیسرائیل. بەرپرسانی ئیسرائیل دانیان پێدا نەناوە، بەڵام رەتیشیان نەکردووەتەوە.
هەروەها فوئاد شوکر، کەسی دووەمی حیزبوڵڵای لوبنان، رۆژی 30ـی تەممووز لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان بە هێرشێکی ئاسمانی لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ