سوپای ئیسرائیل: هێرشمانکردە سەر سوپای سووریا

11-07-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل رادەگەیێنێت، رۆژی چوارشەممە بە تۆپ و تانک هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئاماجێکی سوپای سووریا لە بەرزاییەکانی جۆلان.
 
رۆژی چوارشەممە 10ـی تەممووزی 2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل، سوپای سووریا بە بەرپرسیاری هەموو ئەو چالاکییانە دادەنێت کە لەنێو خاکی خۆی روودەدات و رێگە بە هیچ هەوڵێکی پێشێلکاری سەروەری ئیسرائیل نادەین".
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، سوپای سووریا رێککەوتنی ساڵی 1974ـی بەرزاییەکانی جۆلانی پێشێل کردووە و هێرشەکەشیان وەڵامێک بووە بۆ ئەو پێشێلکارییانە. 
 
ئیسرائیل لە ساڵی 1967 لە شەڕی ئیسرائیل - عەرەب بەشێکی بەرزاییەکانی جۆلانی لە سووریا کۆنتڕۆڵکرد، سووریاش لە ساڵی 1973 هەوڵی گرتنەوەی ئەو ناوچانەی دا، بەڵام ئیسرائیل تەنیا بەوە رازیبوو  5٪ـی ئەو ناوچەیەی کۆنترۆڵی کردبوون بیگەڕێنێتەوە بۆ سووریا.
 
رۆژی سێشەممە، دوو کەسی ئیسرائیلی بەهۆی ئاراستەکردنی چەند رۆکێتێک لە سنووری بەرزاییەکانی جۆلان لەلایەن حیزبوڵڵاوە کوژران. حیزبوڵڵا رایگەیاند، هێرشەکە لە تۆڵەی کوژرانی ئەندامێکیان بووە لە سووریا لەلایەن ئیسرائیل.
 
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی 2024، حیزبوڵڵا کە بەشێکە لە "مقاوەمەی ئیسلامی" لە لوبنان و لە سووریاش ناوە ناوە هێرش دەکاتە سەر سووپای ئیسرائیل و ئیسرائیلیش وەڵامی دەداتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە