سوپای ئیسرائیل بۆ دانیشتووانی غەززە: باشوور و نێوەڕاستی کەرتەکە چۆڵبکەن

11-07-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل داوا لە خەڵکی باشوور و نێوەڕاستی غەززە دەکات ناوچەکانیان بەجێبهێڵن و روو لە پەناگەکان بکەن. وەزیری بەرگریش دەڵێت: "60٪ـی چەکدارانی حەماسمان کوشتوون یان بریندارکردوون."
 
رۆژی چوارشەممە 10-07-2024، بەهۆی هێرش و بۆردوومانی چڕەوە، سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی کەرتی غەززە کرد، باشوور و نێوەڕاستی کەرتەکە چۆڵبکەن.
 
سوپای ئیسرائیل لە رێگەی فڕۆکەوە چەندین بڵاوکراوەی بەسەر کەرتەکە بەردایەوە، کە تێیدا نووسرابوو "بۆ هاووڵاتییانی شاری غەززە، ناوچەی شەڕ چۆڵبکەن." لە ئاگادارینامەکەدا دوو رێگە بە "رێگەی سەلامەت" دەستنیشانکرابوون کە ئاراستەیان بەرەو کامپەکانی دێر بەلەح و زەوەیدە بوون.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان "نیگەرانیی قووڵ"ـی خۆی لەوبارەیەوە راگەیاند. ئەمە دووەمجارە تەواوی دانیشتووانی شاری غەززە، کە دەکەوێتە نێوەڕاستی کەرتەکە، ئاوارە دەبن.
 
لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، سوپای ئیسرائیل چووەتەوە نێو چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە و رایگەیاندووە "چەکدارانی حەماس و جیهادی ئیسلامی خۆیان کۆدەکەنەوە."
 
بزووتنەوەی حەماس لەسەر ئەو بڕیارەی رایگەیاند: "ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل دەبێتە هۆی لەباربردنی هەموو هەوڵەکانی دانوستاندن و رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست."
 
نزیکەی 250 هەزار کەس لە شاری غەززە لە نێوەڕاستی کەرتەکەدا دەژین، هەندێکیان بەرەو باشوور ئاوارەبوون و هەندێکیشیان بڕیاریانداوە زێدی خۆیان جێنە‌هێڵن.
 
مانگی سووری فەلەستینی رایگەیاند "چەندین کەس پەیوەندییان پێوە کردووین کە دەیانەوێت ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، بەڵام لەبەر بۆردوومانی چڕ و سەخت، ناوێرن."
 
یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی "ئێمە 60٪ـی حەماسی تیرۆریستمان کوشتوون یان بریندار کردوون و 24 بەتالیۆنی بزووتنەوەکەمان لەنێوبردووە."
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەو گوتانەی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئیسرائیل لە نۆ مانگی جەنگەکەدا "بەباشی کاری کردووە بۆ ئەوەی ئامانجەکانی بپێکێت، حەماس لەنێوببات و بارمتەکان بگەڕێنێتەوە." 
 
ئەو گوتانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، سوپای وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی لە شاری غەززە، دەوروبەری شاری رەفەح و شاری خان یونس دەستپێکردووە و لەگەڵ نێوەنگیرەکانیش لەسەرهێڵن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیازی ئاگربەست.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی تەندروستیی غەززە بڵاویکردوونەتەوە، لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، لانیکەم 38 هەزار 295 کەس لە غەززە کوژراون کە زۆربەیان سیڤیل بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە