رووداو دیجیتاڵ
هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لەنێو کەرتی غەززە بەردەوامن؛ ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیای ئاگربەستی پەسند کرد و ئیسرائیلیش پابەندبوونی بەو بڕیارە راگەیاندبوو.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "کاتێک سەرۆکوەزیران نەتەنیاهووم لە ئیسرائیل بینی، پاڵپشتی و پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ گەیاندنی ئەو رێگەچارەیە بۆ هێڵی کۆتایی."
هەرچەندە هەردوو لایەنی سەرەکیی جەنگەکە پێشوازییان لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە، بەڵام نە ئیسرائیل و نە حەماس بە فەرمی رازیبوونی خۆیان نەگەیاندووەتە لایەنەکانی دانوستاندنکاری تایبەت بە ئاگربەستی غەززە.
لە کەرتی غەززەش کە زیاتر لە هەشت مانگە تەنیا هەفتەیەک ئارامیی بەخۆوە بینیوە، لە ماڵ و باڵەخانە وێرانبووەکانیانەوە چاوەڕێی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن.
جەلال سەوافیری، ئاوارەی غەززە دەڵێت، "هیوادارین بڕیارەکە لەلایەن هەموو لایەکەوە جێبەجێ بکرێت. چەندین جار هەوڵی ئاگربەست دراوە، بەڵام هیچ ئەنجامی نەبووە و هیوادارین ئەمجارە جێبەجێ بکرێت و هیچ لایەک دژایەتیی نەکات."
پێشنیازەکە کە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە پێشکێش کراوە و لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگی پێداوە، سێ قۆناخە: قۆناخی یەکەم، ئاگربەستێکی شەش هەفتەییە و تێیدا ژمارەیەک بارمتە و زیندانی ئازاد دەکرێن، هێزەکانی ئیسرائیل لەنێو خەڵک دەکشێنەوە، رۆژانەش 600 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی دەگەیێندرێتە غەززە. قۆناخی دووەم، جەخت لە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دەکاتەوە و لە هەموو شوێنێکیش شەڕ دەوەستێت. قۆناخی سێیەم، نۆژەنکردنەوەی غەززە و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئەو مەبەستەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ