حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان: ژمارەیەک کورد لە مەککە دوورخراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەى کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەک کورد کە لە دەرەوەی رێنوێنییەکان بۆ حەجکردن چوونەتە سعودیە، لە شاری مەککە دوورخراونەتەوە، بەڵام کەسیان دەستگیر نەکراون.
شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 11-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ژمارەیەک کەس لە دەرەوەی پشکی هەرێمی کوردستان و بە ڤیزای گەشتیاری لە هەرێمی کوردستانەوە چوون بۆ حەجکردن لە سعودیە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، کەسیان دەستگیر نەکراون، بەڵام بەشێکیان لە شاری مەککە دوورخراونەتەوە و دەزگاکانی سعودیە بەردەوامن لە دوورخستنەوەیان."
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، هیچ ماڵباتێک پەیوەندییان پێوە نەکردوون بیسەلمێنێت کەسێکیان لەلایەن دەزگاکانی سعودیەوە دەستگیر کرابێت، لە هیچ دەزگایەکی راگەیاندنیش یان سۆشیاڵ میدیا ئەوەیان پێنەگەیشتووە.
شێخ نیاز راغب نەقشبەندی گوتیشی، "ئەو کەسانە بە رێگەی نافەرمی و بەبێ مۆڵەتی حەجکردن چوون، بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە و وەزارەتی ئەوقاف و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ناتوانن هیچیان بۆ بکەن، ئەگەر دەستگیر بکرێن. سعودیە پێشتر هۆشداریی داوە، کە نابێت خەڵک بە ڤیزای گەشتیاری حەج بکەن."
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بۆ حەجکردن چوونەتە سعودیە؛ لەو ژمارەیە 1460 کەسیان بە رێگەی وشکانی چوون.
جیا لەو ژمارە هاونیشتمانییە، بەشێکی دیکەی هاونیشتمانیان کە ژمارەیان نادیارە، ئەم ساڵ پێشوەختە و بە ڤیزای یەک ساڵی چوونەتە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەوان بەرپرس نابن لەو کەسانە و بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، "ئەو جۆرە حەجە نایاساییە."
بەگوێرەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، حەجکردن ئەم ساڵ بە دینارە؛ بە رێگەی ئاسمانی 6 ملیۆن و 350 هەزار دینار و بە رێگەی وشکانیش 5 ملیۆن و 300 هەزار دینارە.
لە حەجی ساڵی رابردوودا 4685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون.